کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی وردەکاریی نوێی لەبارەی کوشتاری خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ئێران بڵاو کردەوە

13:26 - 1 جۆزەردان 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕ، لە بەڵگەنامەیەکدا وردەکاریی زۆرتری لەبارەی کوشتاری خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ئێران بڵاو کردووەتەوە و داوای لە شورای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن.

دوای تێپەڕینی ٦ مانگ لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە بەڵگەنامەیەکدا وردەکاریی زۆرتری لە ڕەوتی کوژرانی سەدان خۆپیشاندەری ئێرانی لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کردەوە.  

لەم بەڵگەنامەیەدا شوناسی ٣٠٤ پیاو و ژن و منداڵ ئاشکرا بووە کە بەپێی بەڵگەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نیونەتەوەیی، بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون.   

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەم ڕێکخراوە ئەنجامی داوە، خۆپیشاندەران چەکی گەرمیان لەبەر دەستدا نەبووە و هەڵسوکەوەتەکانیان هیچ هەڕەشەیەکی بۆ گیانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دروست نەکردووە.

لە بەڵگەنامەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە بە تێپەڕینی ٦ مانگ لەم کوشتارە، بنەماڵە داخدارەکانی قوربانییان هەروا بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەڕێوەبردنی عەداڵەت تێدەکۆشن، لە حاڵیکدا بەپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەوان ئازار دەدەن و دەیانترسێنن.

هەروەها ئەم ڕێکخراوەیە جاریکی تر داوای لە وڵاتانی ئەندام لە شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە زووترین کات مێکانیزمێکی لێکۆڵینەوەیی لە بابەت کوشتارەکانی مانگی خەزەڵوەر پێک بێنن و ڕێگا شوێندانەرەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، سەقامگیرکردنی عەداڵەت و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بۆ بنەماڵەی قوربانییان بناسێنن.