کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: ١٦١ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون

12:13 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی، ١٦١ کەس ڕاگەیاندووە. بەپێی بەراوردی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕێژەی کوژراوان زیاتر لەم ژمارەیەیە و لە داهاتوودا ئەم ئامارە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا، لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان کە بۆ ئەم ڕیکخراوە نێردراوە، دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە تا ئێستا ١٦١ کەس لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە ناحەق کوژراون".  

ئەم ڕیکخراوەیە وتوویەتی، بە باوەڕی ئێمە ئاماری کوژراوان زۆر زیاتر لەوەیە و داوامان لە کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی ئەوەیە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم پەیوەندییەدا ناچار بە وڵامدانەوە بکات.

هەروەها بەپێی سەرچاوەکانی دیکە، ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ٢٠٠ کەسی تیپەڕاندووە و دۆخی دەسبەسەرکراوانیش ڕوون نییە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تێپەڕینی دوو حەوتوو لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان بە دژی ئەو ڕێژیمە، تا ئێستا ئاماری کوژراو و برینداربووانیان ڕانەگەیاندووە.

سەبارەت بە ئاماری دەسبەسەرکراوان، "حوسێن نەقەوی حوسێنی"، ئەندامی کۆمیسیونی ئەمنییەت و سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، چەند ڕۆژ لەمەو پێش باسی لەوە کردبوو کە ژمارەی دەسبەسەرکراوان، ٧ هەزار کەس بەراورد کراوە.

هەروەها  چەندین وڵات و ناوندی مافی مرۆیی سەبارەت بە توندوتیژی و هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕێژیمی ئێران نیگەرانییان دەبڕی و مەحکوومیان کرد. 

لە لایەکی دیکەوە چەند ڕۆژ لەمەو پێش، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی تر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بە ئاژاوەگێڕی و پیلانێکی مەترسیدار و بەربڵاو ناو برد و بە کوشتنی خەڵک باس لە سەرکەوتن دەکات.