کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: ئێران لە کەرەستەی نایاسایی دژ بە خۆپیشاندەران کەڵکی وەرگرتووە

13:16 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانی کارەساتی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ڕەخنەی توندی لە ڕێژیمی ئێران گرت و داوای ئازادیی دەسبەسەرکراوانی کرد.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند، "بەڵگەگەلێکمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێت هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا لە درێژەی خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی خەڵکدا، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران لە شێوازگەلی "نایاسایی" کەڵکیان وەرگرتووە.

هەواڵدەریی فەرانسە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، گرووپی یاسایی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بە پشتبەستن بە وێنە و بەڵگە پەسندکراوەکان و هەروەها شایەتیی هەندێک لە شایەتەکانی ڕووداوەکان، هێزەکانی پۆلیس و ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران، بە گوللـەی ساچمەیی، گوللـەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ، خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانجی سەرکوتەکانیان.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە هێزەکانی ڕێژیم ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە، ٢١ و ٢٢ی بەفرانبار، کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەرانیان سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لە بریندارکردنی خۆپیشاندەران کراوە و وتراوە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە شێوەی سازماندراو لە نەخۆشخانەکاندا جێگیر کراون بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرانی بریندار دەسبەسەر بکەن.

بریندارەکان لە ترسی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ دەرمانی برینەکانیان ڕوو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و لە ماڵەکاندا برینەکانیان چارەسەر دەکەن کە ئەم بۆ خۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک نەخۆشی و چڵک.