کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانە دژوازەکانی بێنزین و دەرووی دزی و ئاژاوەی زیاتر

12:37 - 20 سەرماوەز 2719

سندووس

لە دوای هاتنەدەری ئامریکا لە بەرجام و خستنە سەری گەمارۆی توند بۆ سەر ئابووری شپڕێو و شپرزەی ئێران کە بەرهەمی بێ کیفایەتیی ئاخووندە کۆنەپەرستەکانە و وشکبوونی سەرچاوەی ئابووریی ڕێژیم و هەوڵدان بۆ دابینکردنی پووڵ و پارەی پێویست بۆ ڕازی ڕاگرتن و تەنەوەپێکردنی هیلالی شیعی هەر لە "حەشدی شەعبیـ"ـیەوە بگرە تا دەگاتە "ڕێژیمی ئەسەد" و "ئەنساروڵڵای یەمەن" و "حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین" و "حیزبوڵڵای لوبنان" و جار و بارە "ئەلقاعیدە" و تەنانەت "داعشـ"ـیش، بەناچار دەستیان دەگیرفانی خەڵکی هەژار و بەستزمانی ئێران ڕۆ کرد و بە بەهانەی گرانکردنی بێنزین، مەبەستیانە زیاتر خەڵکی لێقەوماو بڕووتێنەوە و پارەکەش لە مەڕامە چەپەڵەکانی خۆیان خەرج بکەن.

دیارە بڕیاردەری سەرکی لەم نێوەدا شەخسی خامنەییە، چوونکە ناوبراو بە فەرمانی گەڵاڵە و داڕشتنی "شوڕای بەرزی هاوئاهەنگیی ئابووری"، پێکهاتوو لە سەرۆکی دەوڵەت، واتە حسەن ڕووحانی و سەرۆکی مەجلیس، واتە عەلی لاریجانی و سەرۆکی دەزگای داد، واتە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەلماندی کە هیچ بایەخێک بۆ ئیرادەی کومەڵانی خەڵک و بۆچوونەکانیان دانانێ و بەتەنیا خۆی دەبێ بۆ وڵاتێکی زیاتر لە هەشتا ملیۆنی بڕیاردەر بێت.

 پەروانە سەلەحشووری، ئەندام پارلمان دەڵێ:

 لەوەی بەم لاوە ئیتر مەجلیس لە سەرووی کاروبارەکاندا نییە و وا چاکە دەرگاکەی دابخرێ و ناوی "خۆڕاگریی ئابووری"شی لەسەر دابنرێ، خۆڕاگریی ئابووری ناوی ئەو تێزە گەمژانەیەی خامنەیییە و تا ئێستا هیچ پێناسەیەکی زانستی لەلایەن ئابووریزانانەوە بۆ نەکراوە و تەنیا لە چوارچێوەی بەنێر و نووسراوەی سەر کاغەزدا بۆ چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیم ماوەتەوە.

دوای گرانکردنی ۳۰۰ لەسەدیی نرخی بێنزین و وەزاڵەهاتنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک، جەماوەری تووڕە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، ڕێبەندانی ماشینیان دروست کرد کە هەر زوو مرۆڤە گرگن و قوڵەچۆماغەکانی ڕێژیم بە دەستوور و بڕیاری ئاغاکانیان بەلاڕێیاندا برد و پەلکێشی نێو توندوتیژییان کرد. بە وتەی کارناسان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، لەو ماوە کەمەدا بە سەدان کەس شەهید و بە هەزارانیش بریندار و دەسبەسەر کران و خرانە نێو چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئاخووندییەوە.

لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا کە خەڵک ڕقی خۆیان بەسەر ئاخوندەکاندا هەڵڕشت، وایان کێچ دەکەوڵی کەوتبوو کە هەر یەکەو بە جۆرێ ئەوی تری تاوانبار دەکرد و هەردوو باڵی ڕێژیم ترسیان لێ نیشتبوو کە تووشی چ هەڵەیەکی ئیستڕاتژیک بوونە و ئەم بڕیارەیان کە لە ڕاستیدا بڕیاری قۆچکی نیزام بوو، لەوانەیە سەریان بخوا و تێدا بچن. هەر بۆیە حەسەن ڕووحانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئێمە ئەو بڕە پارە زیادییەی لە فرۆشی بێنزین گیرمان دەکەوێ، هەر دەیدەینەوە بە چینی کەمداهاتی کۆمەڵگا، کە نزیکەی ٦۰ ملیۆن کەس بەراورد کراوە و بۆ دەرماڵانەی مەبەستدار کەڵکی لێوەردەگیرێ. سەرنجێکی سەرپێی وتەکانی وەزیر و کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕووحانی و ئەژمارکردنی بڕی داهاتی زیادی لە فرۆشی بێنزین و یارانەی خەڵکی هەژار، زۆر ڕاستیمان بۆ دەردەخات.

بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت دەڵێ

زێدەداهاتی هەڵکشانی نرخی بێنزین، ساڵانە نزیک بە ۳۱ هەزار میلیارد تمەنە کە دەدرێتەوە بە چینی لاواز و کەمداهاتی کۆمەڵگا.

محەممەد باقر نۆوبەخت بەرپرسی سازمانی بەرنامە و بودجەش دەڵێ:

زێدەداهاتی هەڵکشانی نرخی بێنزین ساڵانە بە نزیکەی ۳۰ هەزار میلیارد تمەن دەقەبڵێندرێ کە بڕیار وایە بەبێ ئەوەی تەنانەت تمەنێکی بچێتە گیرفانی دەوڵەتەوە لە چوارچێوەی دەرماڵانەی ژینەکی و بە شێوەی مانگانە بەسەر ٦۰ ملیۆن کەسدا دابەش بکرێ

بەڵام هادی قەوامی جێگری کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس دەڵێ:

زێدەداهاتی هەڵکشانی نرخی بێنزین زۆر زیاتر لەوەیە کە بیری لێدەکرێتەوە. ئەو پێی وایە ساڵانە نزیک بە ۳۵ میلیارد لیتر بێنزین سەرف دەکرێ و بە سەرنجدان بە گرانبوونی نرخەکان ڕەنگە ۳ میلیارد لەم مەسرەفە دابەزێ و بگاتە ۳۲ میلیارد لیتر لە ساڵدا، لەو ۳۲ میلیاردە ۱۷ میلیارد لیتری لە چوارچێوەی سەهمییەدا دەفرۆشرێ کە ۱۵۰۰ تمەن نرخی لەسەر دانراوە و ۱۵ میلیاردیش بە نرخی ۳۰۰۰ تمەنی.

بە لێکدانەوەیەکی سەرپێیی بۆمان دەردەکەوێ کە ٨ هەزار و ۵۰۰ میلیارد تمەن، زێدەداهاتی نرخی سەهمییەیی و ۳۰ هەزار میلیارد تمەنیش هی نرخی بێنزینی ۳۰۰۰ تمەنییە کە سەرجەمی داهاتەکە پاڵ وە ۳٨ هەزار و ۵۰۰ میلیارد تمەن دەدات.

ئێستا گەر وتە و لێدوانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم ڕاست بێ - پێداگری دەکەم ئەگەر ڕاست بێ، کە ڕاست نییە - و ۳۱ هەزار میلیارد تمەن بەسەر خەڵکی هەژار و بنەماڵە کەمداهاتەکاندا دابەش بکرێ کە ناکرێ، ئەو ۷/۵ هەزار میلیارد تمەنەی تر کە بەرهەمی هەڵکشانی نرخی بێنزینە دەچێتە گیرفانی چ کەس و تاقمێکەوە؟ ئەوە دەبێ خامنەیی و سێ ئەندامەکەی شووڕای باڵای ئابووری وڵامی بدەنەوە کە هیچکات وڵام نادرێتەوە.

دیارە ئەمەی سەروو، ئاماری کاربەدەستانی ڕێژیمە، هەم بۆ مەسرەف و هەمیش بۆ ڕێژەی زێدەداهاتی فرۆشی بێنزین، ئەوەی ڕاست بێ بە سەرنجدان بە زۆربوونی ماشین و مەسرەفی بێنزین لە ئێراندا، کارناسان، باسی مەسرەفی ۱۲۰ هەزار لیتری لە ڕۆژدا دەکەن کە ئەگەر بێت و ئەو داتایە ئەرێنی بێ، سەرلەبەری هەڵسەنگاندنەکە هەڵدەوەشێتەوە و دەبێ باسی فرۆشی ٤٤ میلیارد لیتری لە ساڵدا و نزیک بە ۱۰۰ هەزار میلیارد تمەنی، ڕاوەستەی لەسەر بکرێ کە ئەوکات، نزیکەی ۵۴ هەزار میلیارد تمەن زێدەداهاتی فرۆش دەبێ و دوای دانی دەرماڵانەی ۳۱ هەزار میلیارد تمەنی، بە چینی کەمداهاتی کۆمەڵگا - دیارە ئەگەر بیدەن، کە نایدەن - دیسان نزیکەی ۲۳ هەزار میلیارد تمەنیان وەکوو زێدەداهات بۆ دەمێنێتەوە و بەم پێیە دەتوانن زۆر کەلێنی دزی، کەڵەکەی سەرمایە و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەدا پێ پڕبکەنەوە. ئەوەیە خامنەیی سەرکردەی باندی کۆنەپەرستان، خۆی پیاوچاک دەکات و ڕادەگەیەنێ کە دییەی بەشی هەرە زۆری کوژراوانی ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەر دەدات، تا بەڵکوو بتوانێت، جینایەتەکانی پێ دیزەبەدەرخۆنە بکات، دیارە وابزانە لە کیسەی خەڵیفەی دەبەخشێ!

ئەوەش با بمێنێ کە دوونرخی کردنی بایی کەلوپەلەکان، هەر لە کاغەزەوە بگرە تا دەگاتە برنج، گۆشت، شەکر، دەواودەرمان، دۆڵار، بێنزین و ... هتد، لە ئابووریی کۆماری ئاخوندیدا ئەوەی سەلماندووە کە ڕێگاگەلی جۆراوجۆر بۆ دزی و کەڵکاژۆی کاربەدەستەکانی ڕەدەباڵای ڕێژیم خۆش دەکات. بۆ وێنە دۆلاری ٤۲۰۰ تمەنیی جهانگیری کە پشکی گەورەترین دزی و ئیختلاسی لە مێژووی ئابووریی ئێراندا بەرکەوتووە، سەری بە هەموو شوێن و نهادێکی دەسەڵاتدا شۆڕکردەوە و تەنانەت بە حورمەتەوە چووە نێو بەیتی ڕێبەری نیزامەوە و هەموو جۆرە سوڵتانێکی  چێکرد. بێنزینی دوو نرخیش جگە لە شەپۆلێکی گەورەی گرانی کە وەڕێی دەخات، بەدڵنیاییەوە دەرووی دزییەکی زۆر بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم دەکاتەوە، لێدوانە دژواز و پارادۆکسیکاڵەکان و داتا ئامارییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.