کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە دوژمنانی ڕێژیم یەک ناگرنەوە

12:44 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی ئەرتەشی ڕێژیم هەڕەشەکان بە جیددی وەر دەگرێت، ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە هەڕەشەکانی دوژمنانی ڕێژیم بە جیددی وەر دەگرێت و وتوویەتی: یەگانەکانی ڕێژیم دەبێت لە بواری شەڕدا ڕاهێنانیان پێ بکرێت.

عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، لە ئاخافتنێکدا، لە دوازدەهەمین کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیم، هەڕەشەکانی دوژمنانی بە جیددی زانیوە و وتوویەتی: "هەمووو هێزەکان دەبێت یەگانەکانی خۆیان بە بیری شەوی هێرشەوە ئامادە بکەن و بەردەوام خەریکی ڕاهێنان بۆ شەڕ بن".

لە لایەکی تریشەوە، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، کە دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، نایەوێت لەگەڵ ئێران شەڕ بکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایان و فەرهەنگیاندا، بە پێچەوانەی قسەکانی فەرماندەی ئەرتەش وتوویەتی: "ڕێکخستنی نیزامیی دوژمن، ڕێکخستنێکی جەنگی لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و دنیای مەجازییە؛ بەڕواڵەت لە باری نیزامییەوە ڕێکخستنێکیان نییە بەڵام بەوەشەوە هێزەکانی ئێمە هوشیارن". 

خامنەیی هەروەها وتوویەتی: "لە بەرانبەر ئەم ڕێکخستنە جەنگییەوە، دەبێت خەڵکی ئێرانیش ڕێکخستنی جەنگی وەخۆ بگرن"؛ هەروەها ڕایگەیاندووە: "گرینگترین کار، پاراستنی یەکگرتوویییە. دەبێت هەموو هوشیار بن کە بە هۆی جیاوازییە سەلیقەییە بچووکەکانەوە لە بەرانبەر یەکتردا ڕانەوەستن، چونکە ئەوەی کە هێز دەبەخشێتە ئەم وڵاتە، یەکگرتوویییە".

وتەکانی خامنەیی سەبارەت بە یەکگرتووییی خەڵکی ئێران لە حاڵێکدایە، کە خودی ڕێژیم لە ڕێگای میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بە دەیان جار هەوڵی دروستکردنی جیاوازیی لە نێوان نەتەوەکانی ئێرانی داوە و نەتەوەکانی بە گژی یەکتر داوە، لە لایەکی تریشەوە، کێشە ئابوورییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێستای ئێراندا، ڕقێکی زۆر لە دەسەڵاتیان خستووەتە نێو دڵی خەڵکەوە بەشێوەیەک کە ئیدی خەڵک بە قسەی خامنەیی یان هەر بەرپرسێکی دیکە هەوڵی پشتیوانی لە ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران نادەن و ڕەنگە لە گونجاوترین دەرفەتیشدا دەست بدەنە شۆڕش و هەوڵی ڕووخاندنی ئەو دیکتاتۆرییە بدەن.