کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە بەرامبەر پارێزگاری کرماشان کۆ بوونەوە

12:59 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەشێک لە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان بە کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگاری کرماشان، لە هەمبەر قەیرانەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

چەندین بنەماڵە لە لێقەوماوانی گوندی "بی بەیانی" سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاو بە کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگاری کرماشان، لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان بەتایبەت کەمئاوی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کردووە، کە کێشە و گرفتەکانیان بە زووترین کات چارەسەر بکەن.

ئەو بنەماڵانە بە هەڵگرتنی پلاکارد، کە لەسەریان نووسراوە، "پارێزگاری کرماشان، بیرێک لە خەڵکی لێقەوماوی گوندی بی بەیانی بکە" و چەندین دروشمی دیکە، ڕوویان لە پارێزگاری کرماشان کردووە و داواکار بوونە ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەرامبەر خەڵکی کرماشان کەمتەرخەم نەبێت.

زیاتر لە ١٠ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ دەبێت و هێشتا بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە هیچ ناوچەیەک نەهاتووەتە دی و لێقەوماوانی ئەو کارەساتە لە ئەستەمترین بارودۆخی ژیاندان و ئاوارەیی، نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، نەخۆشی، کەمئاوی، سەرما و گەرما و... دەیان گیر و گرفتی دیکە ئازاریان دەدات.

بەرپرسانی ڕێژیم، بەتایبەت بەرپرسانی پارێزگای کرماشان، لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی لێقەوماوان، کەمترین ڕۆڵیان هەیە و هیچ گوشارێک بۆ سەر ئورگانە سەرووترەکانیان لە تاران ناهێنن، بەتایبەت بە ناو نوێنەرانی کرماشان لە مەجلیسی ڕێژیم، کەمترین بەرگری لە مافی خەڵکی کرماشان دەکەن.