کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی سێنای بێلژیکی کرد

11:23 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئورووپا، پاش کۆنفڕانسی "داهاتووی گرووپە ئێتنیکییەکان لە ئێران"، لەگەڵ "مارک دێ مێسمارکر"، سێناتۆری بێلژیکی دیداری کرد.

"مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕانسێک لە پارلمانی ئورووپا، سەردانی وڵاتی بێلژیکی کردووە، ڕۆژی هەینی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٨ ی هەتاوی، دیدارێکی لەگەڵ سێناتۆر "مارک دێ مێسماکر" پێک هێنا.

لە دیدارەکەدا لێپرسراوی گشتیی حیزب، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دواپێشهاتەکانی کوردستان و ئێران خستە بەر باس و ئاوڕی لە پرسی کورد لە ئێستای ئێراندا دایەوە. لەم چوارچێوەدا زیاتر تیشک خرایە سەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و ئەو تاوانانەی کە ڕێژیمی ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان و ئێران ئەنجامی داوە و هەروەها ئاماژە بە ژمارە و لێکەوتەکانی سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان کرا.

ئەوەی کە بۆ سێناتۆر "مێسماکر" جێگای ڕاوەستەکردن بوو خستنە ڕۆژەڤی ئەو بابەتە بوو کە چۆن وڵاتانی ئورووپایی دەتوانن هاوکار و ڕێگر بن لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەو مانایە کە وڵاتانی ئورووپایی وەک ئەندامە جیاوازەکان دەتوانن بەربەستەکان بۆ ڕێژیم زیاد بکەن.

"مستەفا هیجری" لەو ڕەهەندەوە کە چۆن ڕێژیمی ئیسلامی بەرانبەر بە ویستەکانی خەڵک و سەرەڕۆییەکان لە ناوچەکەدا ناچار بە پاشەکشێ بکرێت، بیر و بۆچوونی خۆی خستە بەر باس.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی گشتیی حیزب داوای کرد سێنا بە هاوکاریی پارلمانی فێدراڵی بێلژیک بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی جیددی بن تاکوو ئەم ڕێژیمە پاشەکشێی پێ بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵە پێشنیارێکی پێشکەش کردن.

لە هەمان کاتدا داوای کرد کە پشتیوانی خەڵک و هێزە دێموکراسیخوازەکان لە ئێران و کوردستان بن.