کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپێچینەوە لە ترەمپ، له‌ نێوان ململانێی سیاسی و یاسا سه‌روه‌ریدا

11:56 - 29 سەرماوەز 2719

مسته‌ر كورد

شەوی چوارشەممە، ڕێكه‌وتی ١٨ی دێسه‌مبه‌ر، زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ له‌ ٤٣٥ ئه‌ندام پێك دێت، دوای پتر له‌ ٨ كاتژمێر مشتومڕی هه‌مه‌لایه‌نه‌، سەرۆک تره‌مپی بە فەرمی به‌وه‌ تاوانبار كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خراپی به‌كار هێناوه‌ و ئاستەنگیی له‌ به‌رده‌م  لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس دروست كردوه‌.

دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن یاسادانەری دێموکراته‌كان، نوێنەری "کۆلۆرادۆ دایانا دگێت" سەرۆکایەتی کرا، یەکە بە یەکە یاسادانەرانی کۆماری و دێموکراتەکان کاتیان پێدرا بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆیان لەسەر پرۆسەکە ده‌رببڕن. زۆرینه‌ی نزیك به‌ كۆی دێموکراتەکان پێیان وابوو کە پێویستە سەرۆک تره‌مپ تاوانبار بکرێت و لە کار لاببردرێت. هاوکات سه‌رجه‌م کۆمارییەکان بەرگرییان لە تره‌مپ دەکرد و پێیان وابوو کردارەکانی تره‌مپ دژی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات نین.

دوای قسه‌ و باسه‌ چڕوپڕه‌كان، سەرەتا ١٥ خولەک درا بە یاسادانەران تا دەنگ لەسەر بەندی یەکەم واته‌ "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" بدەن، سه‌رئه‌نجام به‌ ٢٣٠ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ١٩٧ دەنگی نەخێر لێپێچینه‌وه‌كه‌ پەسەند کرا. له‌م پرۆسه‌یە‌دا ٢ ئه‌ندامی دێموكرات دەنگیان لە دژی لێپێچینه‌وه‌كه‌ دا، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆماریش له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌ ناته‌با بوون و ده‌نگیان پێ نه‌دا.

پاشان یاسادانەران دەنگیان لەسەر بەندی دووهەم (ئاستەنگ خستنە  بەردەم لێكۆلینه‌وه‌كانی کۆنگرێس) دا. له‌م بڕگه‌دا‌، به‌ ٢٢٩ دەنگی بەڵی بەرامبەر ١٩٨ دەنگی نەخێر، لێپیچینه‌وه‌كه‌ پەسەند کرا. لەم پرۆسه‌شدا سێ ئه‌ندامی دێموکراته‌كان دەنگیان نەدا.

بۆ هەر دوو بەندەکان، ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگی به‌ پرۆژه‌ی دێموكراته‌كان دا و  له‌ ئاكامدا بە فەرمی تاوانبارکردنی سەرۆک پەسەند کرا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران "نانسی پیلۆسی" دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی کردەوە و بە یاسادانەرانی وت:‌ "تره‌مپ بە گوشار خستنه‌ سەر ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە بەرهەڵستی سیاسیی خۆی واته‌ جۆ بایدن، جێگری ئه‌وكاتی سه‌رۆكی ئه‌مریكا (ئۆباما)، دواتر ئاستەنگ دروستکردن بۆ لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس، هیچ بژارەیەکی تری بۆمان نەهێشتەوە، ئەم لێپیچینه‌وه‌ نەبێت. ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین ئەوا ئەرکی خۆمان بەجێ ناگەیەنین. ئەمڕۆ ئێمە بۆ داكۆكیكردن لە دێموکراسی لێره‌ین."

ئەندامی کۆنگرێسی کۆماری "داگ کولینس"، یەکێک لە پشتیوانە دیاره‌كانی تره‌مپ، هەڵسەنگاندنەکەی پیلۆسی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا، دێموکراتەکان لەو ڕۆژەوەی کە تره‌مپ بووەته‌ سەرۆک هەوڵیان داوە لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بکەن. لە کاتێکدا بۆ هەڵبژاردن کەمتر لە ساڵێکی ماوە، باشتر وایە ئەم لێپێچینه‌وه‌ دەنگدەران بڕیاری لەسەر بدەن."

لە بەندی یەکەمی لێپێچینه‌وه‌كه‌دا، تره‌مپ به‌وه‌ تاوانبار کراوه‌ كه‌ هەوڵێکی زۆری داوە تا سەرۆکی ئۆکرانیا لێکۆڵینەوە لەسەر "جۆ بایدن" و "هەنتەر بایدنـ"ـی کوڕی بکات کە بۆ کۆمپانیایەکی گازی ئۆکراینی کار دەکات. بەندی دووهەمی لێپێچینه‌وه‌كه‌‌ سه‌رۆك به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ ئاستەنگیی لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس دروست کردووە، بەوەی ئامادە نەبووە هەزاران پەڕە بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە بابەتی ئۆکرانیاوە ڕادەستی کۆنگرێس بکات بۆ لێکۆڵینەوەکان و هەروەها ڕێگەی لە یاریدەدەرە سەرەکییەکان گرتووە تا له‌ ماوه‌ی لێکۆڵینەوەکاندا گەواهی لەسەر کردارەکانی تره‌مپ بده‌ن.

پاش ده‌نگدانه‌كه‌، سەرۆک تره‌مپ لە بەردەم کۆمەڵێک لە لایەنگرانیدا لە شاری باتلکریکی ویلایەتی مشیگەن كه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ٢٠٢٠ له‌وێ بوو، ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی شەرمەزار کرد.

سەرۆک تره‌مپ وتی: "ئێمە خەریکی ڕەخساندنی دەرفەتی کارین، لە پێناو مشیگەن تێدەکۆشین، لەم کاتەدا چەپڕەوە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆنگرێس، به‌غیلی، ڕق و کینە ده‌روونیانی ته‌نیوه‌، ئەوەتا دەبینن ئێستا چی ڕوو دەدات. دێموکراتەکان هەوڵ دەدەن دەنگی ئەو دەیان ملیۆن ئەمەریکاییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا وەکوو سەرۆک هەڵیانبژاردووم پوچەڵ بکەنەوە".

"مایک پێنس" جێگری سەرۆک تره‌مپ كه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌رۆك له‌ كاره‌كه‌ی لادرێ، جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌، لە مشیگان هەنگاوەکەی کۆنگرێسی شەرمەزار کرد و وتی: "ئەمڕۆ لێرەم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی لە سەرۆک دانۆڵد تره‌مپ بکەم. ئەوەی کە لە واشنتن دی سی بەڕێوە دەچێت شەرمەزارییە. لە یەکەم ڕۆژه‌وه‌ کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەسبەکار بووه،‌ دێموکراتەکان دەیانەوێت ئاكامه‌كانی هەڵبژاردن پووچەڵ بکەنەوە. ئه‌وان ئەمشەو بە بڕیاری لێپێچینه‌وه‌ كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی تاك حیزبییە پشتیوانییان لە هەوڵەکەی خۆیان کرد. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم سەرۆکە لەکار بخەن چونکە دەزانن ناتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی پێ بده‌ن."

پێشتر "نانسی پیلۆسی"، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ترەمپ هەڕەشەیەکی بەردەوامه‌ دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و  یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵاتی پێشێل کردووە. دێموکراتەکان هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەماوه‌ جیا لە لێپێچینەوە.

له‌ به‌رانبه‌ردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش بڕیاری لێپێچینەوەکە وتی: "هیچ بەرپرسیارییه‌ك هەڵناگرم، بە جیددی وەری ناگرم، پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجام داوە، پەیوەندییەکە زۆر بێ غه‌ل و غه‌ش بووه‌. ئێوە هەمووتان دەزانن، هیچ شتێکی هەڵە نەوتراوە. بەڕاستی شەرمە لەسەر ئەمە لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، ئەمە پەڵەیەکە بە وڵاتەکەمانەوە دەمێنێتەوە".

بۆ لادانی سه‌رۆك، له‌ كۆی ١٠٠ ئه‌ندامی سه‌نا، ڕێژه‌ی دوو لە سێی دەنگی سەنای ئەمریکا پێویستە. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن، وێناچێ له‌كار لادانه‌كه‌ ڕوو بدا، پێشتریش کەسایەتییه‌ پایەبه‌رزه‌كانی كۆماری له‌ سه‌نا، ڕایانگەیاندووە کە دەنگ بە بێتاوانیی تره‌مپ دەدەن. سەرۆکی سەنا وتوویه‌تی كه‌ تاكوو مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠٢٠، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی پیران له‌ هه‌مبه‌ر لپێچینه‌وه‌كه‌ بۆ لابردنی تره‌مپ نایه‌ته‌ ئاراوه‌.

ترەمپ دەبێتە سێیەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا كه‌ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر لە کارەکەی دوور بخرێتەوە دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بەهۆی لێپرسینەوە ناچار ده‌كرێت پۆسته‌كه‌ی به‌جێ بێڵێت.

هاوکات لە چەندین شاری ئەمریکا خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی لە ترەمپ بەڕێوە چوون. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خۆپیشاندان بۆ دوورخستنەوەیشی لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەنجام دران.

تاكوو هه‌نووكه‌ هیچ سەرۆکێكی ئه‌مریكا لە ڕێگەی پرۆسه‌ی لێپێچینه‌وه‌، دوور نەخراونەتەوە، بەڵام پرۆسەی لێپێچینەوە لە دوو سەرۆک لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کرا، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیران شکستی پێهاتووە کە ئەوانیش "ئاندرو جۆنسن" لە ساڵی ١٨٦٨ و "بیڵ کلینتۆن" لە ساڵی ١٩٩٨دا بووه‌.

هه‌روه‌ها ١٩٧٤، "ڕیچارد نیکسن"، بۆ ئەوەی لەلایەن کۆنگرێسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکرێت، دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمەش بەهۆی ئابڕووچوونەکەی "وەتەر گەیت" بوو.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.