کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکدانەوەی دژبەیەک بەنیسبەت دەنگی تەقینەوەکە لە نزیک دامەزراوەی نەتەنز

10:43 - 14 سەرماوەز 2721

دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک دامەزراوەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە نەتەنز، هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەر کامیان بە شێوازێک لێکدانەوەی دژ بە یەکیان بۆ ئەو تەقینەوەیە کردووە.

هەواڵدەریی''ئیرنا'' ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز، نووسیویەتی کە تەقینەوەیەکی بەهێز لە ٢٠ کیلۆمیتری دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ڕووی داوە؛ لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی نزیک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە لەو تەقینەوەیەدا هیچ زیانێک وەبەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز نەکەوتووە و سیستمی پەدافەندی، دڕۆنێکیان لە نزیکی ئەو دامەزراوەیە خستووەتەوە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو تەقینەوەیە لە ئاکامی تاقیکردنەوەی مووشەکێک بۆ کاردانەوەی خێرا لەهەمبەر ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکدا، هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها وتەبێژی ئەرتشی ڕێژیمی ئێران لەوبارەوە وتوویەتی، بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی مەیدانی یەکێک لە سیستمە مووشەکییەکانی ناوچەکە تاقی کراوەتەوە و ئەو تاقیکارییە بۆ هەڵسەگاندنی سیستمەکانی دیکە کە لەو ناوچەیە جێگیرن ئەنجام دراوە.

دامەزراوەی نەتەنز یەکێک لە گرینگترین دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە لەوێدا چالاکیی ناوکی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدی ئەنجام دەدرێت.

دامەزاراوەی ناوکیی نەتەنز پێشتریش لەلەیەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و ئیسرائیل بەردەوام هۆشداریی داوە کە ئیزن نادات هیچکات ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

هەر لەم پێوەندییەدا ''ئیدی کۆهێن''، یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاندووە: ''ئەو تەقینەوەیە کە لە ئێران ڕووی داوە، کۆتایی هەموو کارەکانمان نییە و دەبێ کەمێک چاوەڕوان بن؛ ئەوە ئامادەکارییە بۆ ڕووداوێکی گەورەتر''.