کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکدانەوەیەک لەسەر شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ی هه‌تاوی

10:00 - 19 سەرماوەز 2719

ناسر ساڵحی ئه‌سڵ

دیاره ڕاپه‌ڕینی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ لە باری نێوەڕۆکی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیەوە زۆر گشتگیرتر لە بەھانەی گرانبوونی نرخی بێنزین بووە. ھۆی شکڵگرتنی ئەم جۆرە ناڕه‌زایه‌تییه‌  لەسەر بنەمای بەھانەیه‌ک کە گرانبوونی سێ قات بوونی نرخی بێنزین دەخرێتە چوارچیوەی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەم جۆرە شۆڕشانە بە بەھانەیەک ساز دەبن، لە سەرەتادا بێ شکڵ و قەوارە و بێ ڕێبەرن، بەڵام بە زووترین کات ڕوو لە توندوتیژی دەکەن و بەپێی قەیران و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیيەکانی کۆمەڵگا و لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی گونجاوی دەسەڵات، دەبن بە بزووتنەوەیەکی ناڕه‌زایه‌تیی سەرانسەری و شکڵ و فۆرم پەیدا دەکەن. ئەم ڕاپه‌ڕینە بە بەھانەی گرانی بێنزین له‌ ئاستی كوردستان و ئێراندا ساز بوو و بە خێرایی ڕووی لە توندوتیژی کرد، بەو ھۆیە بوو کە ڕێژیمی ئیسلامی دەستەویەخەی زۆر قەیرانی بنەڕەتیيە و وەڵامێکی گونجاوی بۆ ئەم ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تیی گه‌لانی ئێرانی نەبوو. هه‌ر بۆیه‌ شکڵی بزوتنەوەیەکی سەرانسەری لەسەر بنەمای دژایەتیکردن لەگەڵ کۆی دەسەڵاتی ڕه‌ش و سه‌ره‌ڕۆی ڕێژیمی به‌ بە خۆوە گرت.

ئەو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه‌ی ئه‌مساڵ وێڕای ئەوەیکە درێژه‌ده‌ری ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو بوو، به‌ڵام ھەندێک تایبەتمەندیی جیاوازی ھەبوو کە جێی ئاماژە و باس کردنن.

١- یه‌كه‌مین تایبه‌تمه‌ندیی ڕاپه‌ڕینی ئه‌مساڵ بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەو ناڕه‌زایه‌تییانه‌ کە لە ساڵەکانی دوای ھاتنە ساحەی سیاسی ڕێفۆرمخوازانەوە دەبیندرێت، ئیدی خەڵک بۆ ڕێفۆرمخوازی وەک ساڵه‌كانی ٨٨ و ٨٧ى هەتاوى لەسەر هێڵ نین و کەڵکەڵەی خەڵک بەھاکانی ڕێفۆڕمخوازی له‌ چوارچێوه‌ی رێژیمی ئیسلامی و دروشمەکانیش لەو چوارچێوەیەدا خۆیان نابیننەوە. به‌ڵكوو ئەم ڕەوتە كه‌ لە ساڵی ٩٦ی هه‌تاوییه‌وه‌ دەستی پێکردووە و لە ٩٧ و ئێستای ٩٨یشدا درێژەی پەیدا کردووە، ته‌واوییه‌تی حاكمیه‌تی خستووته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و خوازیاری ڕووخانی ئه‌و نیزام و سیسته‌مه‌یه‌.

٢- لە باری پێکھاتەی چینایەتیی ئەم ناڕەزایەتیيانە دەکرێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین و به‌ تایبه‌ت له‌ ئاستی ئێران و شاره‌ گه‌وره‌كاندا کە غایبی سەرەکی ئەمجارە ھاوشێوەی ساڵی ٩٦ی هه‌تاوی چینی مامناوەندی بوو. وەک دەوترێت چینی مام ناوەندی چینی گۆڕانخوازی کۆمەڵگایە، بە پێچەوانەی ناڕازی بوونیان لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، به‌ڵام له‌ دوای ساڵی ٨٨ـه‌وه‌ حوزووری له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ گشتییه‌كاندا کەمڕەنگ بووەته‌وه‌. ئەوەش دەتوانێت چەند ھۆکاری ھەبێت كه‌ بریتین له‌:

 الف) ئەم ناڕەزایەتییانە بە ھۆکاری ئابووری شکڵی گرت. ئەگەرچی چینی مامناوەندیش وێڕای ھەموو چینەکانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا تووشی قەیرانی ئابووریيە، بەڵام ئەم چینە بەپێی تایبەتمەندیی چینایەتیی خۆی حەساسییەتی کەمتری ھەیە بەم کێشەیە و کێشە و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیيەکان زیاتریان دەبزوێنێت. ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران دەستەویەخەی ھەموویانە، بەڵام بەھانەی شکڵگرتنەکەی ئابووری بوو کە پتر چینی نزمی کۆمەڵگا دەبزوێنێت.

ب) چینی مامناوەندی ئەگەرچی لە ساڵەکانی کۆتایی دەوڵەتی ھاشمی ڕه‌فسه‌نجانی و دەورەی حه‌مه‌ی خاتەمیدا وردە وردە قەوارەی گرت و گەورە بووەوە، بەڵام لە  دەوڵەتی ئەحمەدی نژاددا بەھۆی جۆری بەرنامەى ئابووری و فەرھەنگیيەکانی، کەوتە ژێر گوشارەوە و لاواز و لاوازتر بوو تا گەیشتە دەوڵەتی حه‌سه‌ن ڕووحانی. لە دەوەرەی ڕووحانیدا بەشێکی چینی مامناوەندی واتە موچەخۆرەکان بەھۆی كۆنترۆڵی ھەڵاوسان و زیادکردنی موچە و بەرنامە فەرھەنگیيەکان بەھێزتر بوون. ئەو بەشەی چینی مامناوەندی ڕەفتاری سیاسیيان جیاوازە لە بەشەکەی دیکەی چینی مامناوەندی کە بەشی بازاڕ و ناحكوومه‌تیی ئەم چینەن. ئەگەر موچە خۆران پتر لە سندوقەکانی ده‌نگدان بۆ ناڕه‌زایه‌تی دەربڕینی سیاسیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. به‌ڵام بەشە ناحكوومه‌تییه‌كه‌ی ئەم چینە لەسەر شەقامیش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین ھەن، جا لە دەورەی ڕووحانیدا ئەم بەشە ناحكوومه‌تییهی‌ چینی مامناوەندی بەھۆی قه‌یرانی بازاڕ و لێك بڵاوبوونی پیشەوە لەژێر گوشارێکی زۆردا بووە و لاوازتر لە ھەر کاتێک ژیانی بەسەر بردووە و نەیتوانیوە وەک بەشێکی کاریگەری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌شدار و حوزووری ھەبێت.

ج) ئەگەرچی دەوترێت چینی مامناوەندی چینێکی گۆڕانکاریخوازە، بەڵام ئەم چینە بە پێچەوانەی چینی نزم، کۆنسێرواتیویشە، ئەم ناڕەزایەتیيانە کە ھەر لە سەرەتاوە بەرەو توندوتیژی ڕۆیشتن بوون، ھۆی سڵکردنی ئەم چینە لە تێوەگلانی بووه.

د) ئەم چینە ئاگايانەتر خۆ لە قەرەی ھەر جۆرە ڕەفتارێکی سیاسی دەدا، گرینگترین ھۆکار کە دەتوانێت بیانبزوێنێت، ھەبوونی دووره‌دیمه‌نێكی ڕوون لە داھاتووە کە ئاڵتێرناتیو دەتوانێت بیبەخشێت بە کۆمەڵگا و ئەم چینە، تا لەسەر ئەم ئەمنيیەتە ھەرچەند ناواقعییەی ئێستایان ڕیسک بکەن و تێکەڵ شەپۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌ ڕووخێنەرەکان بن.

٣- خاڵی به‌هێزی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه ‌به‌شداریی به‌رینی كچان و كوڕانی تازه‌ پێگه‌یشتوویه كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نیوان ١٧ بۆ ٢٣ ساڵدا بوو. هه‌ر بۆیه‌‌ پێکھاتەی تەمەنیی ئەم ناڕەزایەتییانەش جێی ئاماژەیە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرتری بەشداربووان پێک ھاتبوون لە تەمەنی ژێر ٢٠ ساڵ و پاشان ٢٠ تا ٢٥، ئەو بەشە لە کۆمەڵگا کە بە شێوەیەکی جەوھەری دوورن لە بەھاکانی ڕێژیمی ئیسلامی و لەژێر کاریگەری ڕاگەیاندن و کولتورە جیھانییەکانن. بەشێک لە کۆمەڵگا کە لە ساڵەکانی داھاتوودا دەچنە زانکۆ  یا زانکۆیان تەواو دەبێت و وەسڵ دەبن بە خێڵی بێکارانی ئێران کە دەبێ چاوەڕوانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسیيان بین کە لە دژی  نۆرم و ھنجارەکانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی كۆماری ئیسلامی ڕاپه‌ڕن.

٤- لەم ناڕه‌زایه‌تییە ئه‌م جاره‌دا بە پێچەوانەی ساڵه‌كانی ٩٦-٩٧ی هه‌تاوی، باڵی ڕیفۆرمخوازەکانى حكوومه‌تی، ھاودنگ بوون لەگەڵ باڵه‌كانی ئوسولگه‌را و ئیعتدال له‌ دەسەڵات بۆ مەحکوومیکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لانی ئێران. دیتمان كه‌ حه‌سه‌ن ڕووحانی وه‌ك سه‌رۆك پۆلیس هه‌ڕه‌شەی گرتن و كوشتنی له‌ خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو كرد! كه‌وابوو ڕێژیمی ئێران ئیستا ئه‌و سەرمایە کۆمەڵایەتیيه‌ی له‌ ئاستی ئێراندا كه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دەیهێنانه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان، له‌ده‌ست داوه‌ و ترسی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی له‌ ٢ی ڕه‌شه‌مه‌ی ئه‌و ساڵدا هه‌یه‌.

٥-  کوردستانی ڕۆژهەڵات چون خاوه‌ن و ئه‌زموونی ٤٠ ساڵ خه‌باتی خۆیناویی له‌ به‌رانبه‌ر ڕێژیمی ئیسلامیدا هه‌یه‌ و خاوه‌نی حیزب و ڕێكخراوه‌ و ڕێكخستنی خۆیه‌تی، ئێستا بووەته‌ باسکێکی بەھێز بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران و  بزووتنەوە سەرانسەرییه‌كانی ئێران. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ كوشتار و کۆمەڵکوژكردنی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ ٢٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵدا، دەسەڵاتدارانی تاران ویستیان ھەموو گەلانی ڕاپه‌ڕیوی ئێران بە گرتن و كوشتنی کورد چاوترسێن بکات و بە شێوەیەکی بێڕەحمانە لەگەڵ ناڕەزایەتییه‌كانی گه‌لی کورد ڕووبەڕوو دەبێتەوە. به‌پێی ئاماره‌كان، دوای پاریزگای خووزستان کە نه‌ته‌وه‌ی عه‌رب زۆرترین ڕێژه‌ی گرتن و كوشتنی خه‌ڵكی ڕاپه‌ریوی بووه‌، کوردستان دێت.  

٦- کۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی گه‌لانی ئێران بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و حکوومەتێکی وەڵامدەر و یاساپارێزە بوو. واتە ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی گهلانی ئێران خاوه‌ن سێ خاڵی به‌هێز بوون كه‌ بریتین له‌:

ئا- ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی گه‌لانی ئێران جوغرافیای سیاسیی ئێرانی گۆڕی.

ب- په‌روه‌ندەی ڕیفۆرم و ڕیفۆرمخوازیی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێژیمی ئیسلامی به‌ته‌واوی له‌ گۆڕ نا و بزمارڕێژی كرد.

ت- كۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌لانی ئێران بۆ تێپه‌ڕین له‌ ڕێژیمی ئیسلامی و دامه‌زرانی سیسته‌مێكی دێموكراتیك بوو.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لە ئاستى ئێراندا ده‌بێ هێزه‌ سیاسییه‌كان و پێشڕه‌وانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران، دووره‌دێمه‌نێكی ڕوون لە داھاتووى ئێران بە خەڵک بدرێت تا وردە وردە جەغزی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان گەورە دەبنەوە و چینە نوستووەکانی وەک مامناوەندی بە ھەموو جۆرەکانیەوەی تێ دەگلێت و ئەم ناڕەزایەتییانە ھەم شکڵ دەگرێت و ھەم سەر پەیدا دەکات و له‌ ئاكامدا هێزی سه‌ركوتكه‌ری ڕێژیمی ئیسلامیش وردە وردە لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییانەدا ھەرەس دێنێت.

له‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات بابەتەکە جیاوازە. چونكه‌ کوردستان حیزب و ڕێكخراوه‌ی خۆی ھەیە کە هه‌م چالاکە و هه‌م ئەزموونی ١١ مانگ حكوومه‌تداریی هه‌یه.‌ له‌وه‌ش گرینكتر  پشتیوانییەکی گشتگیری جەماوەریشی لەگەڵە. هه‌روه‌ها ئەوەی لە  کوردستان زۆر جێی سەرنجە، شێوەی خه‌باتی شاره‌ کە لانیکەم بۆ دوو  دەیەیە توانیویەتی بە شێوەیەکی باش فەزای کوردستان و تەنانەت ئێرانیش بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ھەستی نەتەوایەتیی کورد زیندوو  ڕابگرێت و خه‌باتی جەماوەر پێکەوە گرێ بدات کە وێنەی باشی ئەم یەکگرتووییە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بۆنەکانی جێژنی نه‌ورۆز و بە شێوەی مانگرتن له‌ ٢٢ی پوشپه‌ڕكاندا و ئێعدامی لاوانی كورد، جێی ئاماژەیە و نیشانەی ھۆشیاری و دروستبوونی ئەم ڕێگایەن لە نێوخۆی کوردستاندا. سەرەڕای ئەوانە حوزووری چینێکی نوێ لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان کە ھەم خوێندەوارن و ھەمیش ھۆشیار و ھەستیار و ڕۆژانە خەریکن بە شێوەیەکی نەرم پاشەکشێ بە ھێڵە سوورەکانی دەسەڵاتى ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەن و بابەتە پێوەندیدارەکان بە کورد و مەسەلەی کورد دەورووژێنن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.