کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆلەرێکی سیاسی ڕێژیم: ئێران ناتوانێت سەبارەت بە کوژرانی خودایی کاردانەوەیەک نیشان بدات

12:58 - 3 جۆزەردان 2722

بە دوای کوژرانی ''حەسەن سەیاد خودایی'' ئەندامی باڵای سپای پاسداران لە تاران، ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوەدا تۆڵەکردنەوەی ناوبراوی بە کارێکی هەرەپێویست ناو لێ بردبوو و وتبووی کە بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتە بە شێوەی جیددی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

هەواڵدەریی ''نوور نیوز'' کە سەر بە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێرانە، کوژرانی ''خودایی'' بە ''بەزاندنی هێڵی سوور بەبێ هەڵسەنگاندن'' ناو لێ بردبوو و وتبووی کوژرانی خودایی هاوکێشەیەکی زۆر دەگۆڕێت.

''مەجید میرئەحمەدی'' دەبیری شورای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل بکەری ئەو کوشتنە بووە و دەبێ چاوەڕوانی ''شەپڵاغەی توندی' ئێران" بێت.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی ''شەرق'' سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە لە وتووێژێک لەگەڵ ''مەهدی زاکریان'' مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری باڵای کاروباری ئیسرائیل پرسیویەتی کە کاردانەوەی تاران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەو لێکۆڵەرە لە وڵامدا وتوویەتی: "چاوەڕوان ناکرێت کە ئێران بتوانێت کاردانەوەیەکی هاوشێوەی ئیسرائیل لە خۆی نیشان بدات، چونکە پێشتریش ئێران لە کاردانەوە بە هەوڵەکانی ئیسرائیل لە ئێران وڵامێکی نەبووە، تەنیا لە ڕێگای گرووپە نیابەتییەکانەوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هێندێک کردەوەی هەبوو کە ئەمەش ناتوانێت هەڕەشە بۆ ئیسرائیل دروست بکات''.

پاسدار ''حەسەن سەیاد خودایی'' ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە شەقامی ''موجاهیدینی ئیسلام'' لە تاران بە ٥ گولـلە کوژرا.

بە دوای کوژرانی ''حەسەن سەیاد خودایی'' میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ناوبراو جێنشینی فەرماندەی یەگانی ٨٤٠ی سپای تێرۆریستی قودس بووە کە یەکێک لە ئەرکەکانی پیلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر شارۆمەندان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بووە.