کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵینەوەیەکی گرینگی لێکۆڵەرێکی کورد بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ، پێشکەش بە دوکتور "سەعید شەرەفکەندی" کرا

11:37 - 12 گەلاوێژ 2721

دوکتور "کۆچەر وەڵەدبەگی" پاش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەیەکی دەگمەن سەبارەت بە نەخۆشییەکانی دەمار و دڵ، لێکۆڵینەوەکەی پێشکەش بە دوکتور "سەعید شەرەفکەندی" سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

ئەم لێکۆڵەرە کوردە لە سەرەتای پەرتووکەکەیدا نووسیویەتی، یەکەم جار لە کاتی منداڵی و کاتێک تەمەنی ٧ ساڵ بووە لە نزیکەوە دوکتور سەعیدی بینیوە کە ئەو کات سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

دوکتور "کۆچەر" باسی لەوە کردووە: "ئاستی بەرزی زانیاری، کاریزما و فیداکاریی دوکتور سەعید بووەتە هۆی ئەوەیکە هەموو کات حەز بکەم وەکوو ئەو هەم لە بواری خوێندن و هەم لە بواری سیاسەت کەسێکی سەرکەوتوو بم".

"کۆچەر وەڵەدبەگی" کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژھەڵاته، ساڵی ١٣٦٢ لە گوندی "ھاوار" سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە لە کوردستانی باشوور لەدایک بووە.

 ناوبراو لە وڵاتی بریتانیا و لە زانکۆی کۆڤێنتری Coventry university بکالۆریۆسی لە بواری زانستی پزیشکی تەواو کردووە و ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی بیرمێنگهام دەستی بە خوێندنی کارناسیی باڵا کردووە.

پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەرکەوتوو سەبارەت بە خانە بایۆلۆژییەکانی شێرپەنجەی مەمک، ساڵی ٢٠١٤ ئەم قۆناغەی خوێندنیشی بە باشی تێپەڕ کردووە و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە لەسەر پلەیتلێت و خوێن، دوکتوراکەی لە بواری نەخۆشییەکانی دەمار و دڵ بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.

لێکۆڵینەوەکانی ئەم لێکۆڵەرە کوردە زۆر دەگمەنن و بە وتەی هەندێک پسپۆڕ، لە داهاتوودا دەتوانن بۆ دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە کەڵکی گرینگی لێ وەربگیردرێت.

دوکتور "کۆچەر" هەروەها لە بریتانیا لە پارتی لەیبێر (پارتی کرێکاری بریتانیا) و لە وڵاتی سوید لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید، چالاکیی بووە.