کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵەران لە مەڕ گەرمبوونی هەوا هۆشدارییان داوە

12:15 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لیكۆڵەران لەمەڕ گەرمبوونی هەوا هۆشدارییان داوە و باسیان لەوە کردووە، کە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ڕێکۆردی ئەو گەرمایە دەشکێت.

لێکۆڵەران باس لەوە دەکەن، کە ساڵی ٢٠١٨ چوارەمین ساڵی گەرم بووە، که تاکوو ئێستا تۆمار کراوە و هۆشدارییان داوە، کە ئەگەری هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ڕێکۆردی ئەو گەرمایه بشکێت.

دوو ڕێکخراوی ئامریکایی، کەشناسیی بریتانیا و ڕێکخراوی کەشناسی نێونەتەوەیی به لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر پلەی هەوا، گەیشتوونەتە ئەو ئاکامە کە ڕێکۆردی گەرمای ساڵی ٢٠١٨ پاش ساڵەکانی ٢٠١٥، ٢٠١٦ و ٢٠١٧ چوارەمین ڕێکۆردی تۆمارکراو لە باری گەرمبوونی هەوا بووە.

بڵاڤۆکی پۆلێتیکۆ، لە زاری گوین ئێشمیت، بەڕێوەبەری توێژینەوە گەردوونییەکان لە ناسا وتوویەتی: ڕەوتی گەرمبوونی هەوا و درێژەکێشانی ئەوە لە زۆربوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان سەرچاوەی گرتووە، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی مرۆڤەوە هەناردەی ئەتمۆسفێر کراون.

ناوەندی کەشناسیی بریتانیا به کەڵکوەرگرتن لە هاوشێوەسازیی کامپیۆتری ڕایگەیاندووە، کە ئەگەری ئەوە هەیە کە نێونجی پلەی گەرما لە پێنج ساڵی داهاتوودا، لە مەودای زەوینی یەک ساڵدا، لە نێوان ٧٣/١٤ و ٢٧/١٥ پلەی سانتیگراد گۆڕانی بەسەردا بێت؛ واتە گەرمتر لە چوار ساڵی ڕابردوو یا به واتایەکی تر، گەرمتر لە گەرمترین ساڵگەلێک کە پلەی گەرما تۆمار کراوە.

گەرمبوونی هەوا، گۆڕانی ئاو و هەوا و گۆڕانە ئەتمۆسفێرییەکان، هاوکاتن لە گەڵ ئاسەوارگەلێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی؛ شەپۆلی کۆچکردنەکان لە ئاکامی گۆڕانی پێکهاتەی لە کۆمەڵگا، ئەو قەیران و بشێوییانەی کە لە گەرما سەرچاوە دەگرن، کەمبوونی ئاو و کێشەکانی دیکە کە جاروبار دەبنه هۆی تێکەڵچوون و مەرگ، وشکبوونی تاڵاوەکانی ئاوی شیرین، هاتنەسەرەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زۆر شتی دیکە، ئەو کێشانەن کە لێکۆڵەران لە ساڵەکانی ڕابردوودا سەبارەت بەوان هۆشدارییان داوە.