کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی عێراق دوو خۆپیشاندەر کوژران

12:08 - 7 گەلاوێژ 2720

شەوی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، لە شارەکانی عێراق خۆپیشاندانی بەربڵاو بەڕێوە چوو و لە ئاکامی بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە "بەغدا" دوو کەس کوژران و چەندین کەسیش بریندار بوون.

شەوی ڕابردوو لە شارەکانی: "حەلە، نەجەف، بەغدا، زەی قار، میسان و کەربەلا" خۆپیشاندانی گەورە لەهەمبەر نەبوونی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاری بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانانەی عێراق ڕەوتێکی توندوتیژی بەخۆوە گرتووە و لەنێوان هێزی ئەمنی و خۆپیشاندەران تێکەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کوژراو و برینداری بەدواوە بووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، خەڵکی ناڕازیی بەغدا لە گۆڕەپانی "ئەلتەحریر" خۆپیشاندانیان کردبوو و لە ئاکامی دژکردەوەی هێزە ئەمنییەکان و کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ، لانیکەم حەوت کەس بریندار ببوون.

ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسێکی نیزامیی عێراق ڕایگەیاندبوو: "لەلایەن هێندێک لایەنەوە کە نایانەوێت عێراق ئارام و سەقامگیر بێت ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدات و هێزە ئەمنییەکان بۆ توندوتیژی ڕادەکێشن".

وڵاتی عێراق ساڵانێکە بەدەست چەندین کێشە و گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون و شەڕ و ململانێی زلهێزەکان، بوونی نائارامیی درێژخایەن و دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ئەو وڵاتەیە.