کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاکامی هێرشێکی ئیسرائیلدا ژمارەیەک پاسدار کوژران

11:34 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی سپای ئیسرائیل، بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ژمارەیەک پاسداری تێرۆریست کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی سووریە، کاتژمێر ۲:۳۰ نیوەشەوی شەممە ۲٤ی ڕەشەمە، هێزەکانی سپای ئیسرائیل هێرشێکی تریان کردە سەر بنکە و مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە سووریە و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ژمارەیەکیش لە تێرۆریستانی لقی قودسی سپای پاسداران و ڕێکخراوەکانی تری ڕێژیمی ئێران کوژراون.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی سووریە لەم بارەوە جیاوازن و هەواڵی تێکشکاندنی چەند مووشەکی دوورهاوێژی ئیسرائیلیان بڵاو کردووەتەوە، سپای ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕایگەیاندووە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی ئاسمانیی لوبنانەوە مۆڵگە و حەشارگەکانی هێزەکانی سپای سووریە، لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێکخراوەکانی تری ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانجی ڕاکێتەکانی خۆیان و لە ئاکامدا چەندین ناوەندی سەربازیی خاپوور کراون و سێ کەس بریندار بوونە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، کە بنکەکەی لە لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیایە، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی نیوەشەوی شەممەی هێزەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، ناوەندی مووشەکیی "مەسیاف" و دوو ناوەندی دیکەی سەربازیی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کە یەکیان ناوەندی ڕاهێنانی هێزە تێرۆریستییەکان و یەکیشیان ناوەندی دروستکردن و تاقیکاریی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران بووە، کراوەنەتە ئامانج و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی بەشار ئەسەد و ژمارەیەک لە هێزە تێرۆریستییەکانی لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوەکانی ئەو ڕێژیمە کوژراون.

شایانی باسە، کە پاش کۆتاییی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و دەنگهێنانەوەی بنیامین نێتانیاهوو بۆ جاری چوارەم وەکوو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، هەروەها بڕیارەکەی دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و خستنە نێو لیستەی ڕەشی تێرۆریستییەوە، یەکەم هێرشی هێزەکانی سپای ئیسرائیلە بۆ سەر مۆڵگە و ناوەندە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا.

وێڕای ئەوەی کە تاکوو ئێستا بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی وڵاتی ئیسرائیل بەفەرمی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە، بنیامین نێتانیاهوو، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا ڕایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە هێزە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە نادەن، کە لە سووریە جێگیر بکرێن و ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.