کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵمان دژی "سزای ئێعدام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە" خۆپیشاندان کرا

16:21 - 22 رەزبەر 2720

بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی نێونەتەوەیی دژی لهسێدارەدان، خۆپیشاندانێک لە بێرلین بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەر، لە بێرلین خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی و بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر "ڕۆژی جیهانیی دژی سزای ئێعدام" بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە بە هاوبەشیی "ڕێکخراوی داکۆکی لە زیندانییانی سیاسی، کانوونی پەنابەرانی ئێرانی و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان" پێک هاتبوو.

پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانەکانی ئاڵمانی و ئینگلیزی خوێندرایەوە کە لەودا داکۆکی لە زیندانییانی سیاسی و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی داسەپاوی لەسێدارەدان بە شێوەی نادادپەروەرانە و زاڵمانە بەسەر زیندانییانی سیاسیی ئێرانی و کوردستانی کرابوو، هەروەها زوڵم و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە ئێران و ناوچەدا مەحکووم کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا چەندین سروودی شۆڕشگێڕیی کوردی، ئازەری و فارسی خوێندرایەوە و بەو شێوەیە خۆپیشاندەران سەرنجی خەڵکی بێرلینیان بۆ سەر پرسی زیندانییانی سیاسی و مەدەنی ڕاکێشا.