کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵوگۆڕ بەسەر بودجەی ١٤٠٠دا، ڕێکخراوی بەسیج بودجەکەی دوو بەرابەر کرا

18:44 - 8 بانەمەڕ 2721

کۆمیسۆنی وێکخستنی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی بودجەی ١٤٠٠دا، بودجەی ڕێکخراوی بەسیجی دوو بەرابەر کردووە.

بودجەی ڕێکخراوی بەسیج لە ٢ هەزار و ١٢١ میلیارد تمەن بۆ ٤ هەزار و ١٦٧ میلیارد تمەن زیاد کراوە کە گەشەیەکی ٩٦ لەسەدی نیشان دەدات.

''شورای سیاسەتگوزاریی ئەئێمەی جومعە، زانکۆی ئیمام حوسێن و بەهێزکردنی ژێرخانی بەرگری -ئینتزامی'' ئەو بەشانەی دیکەن کە لەو ئاڵوگۆڕەدا بودجەکەیان دوو بەرامبەر کراوە.

هەروەها هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەن بە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم تەرخان کراوە، لە حاڵێکدا بودجەکەیان لە پەسەندکراوی یەکەمی مەجلیسدا سفر بووە.

کۆمیسۆنی وێکخستنی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لەو ئاڵوگۆڕەدا بۆ ''بەشی سایبێریی ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی'' ٢٠٠ میلیارد تمەن، بۆ "دامەزراوەکانی سەر بەو  ناوەندە" ٨٠ میلیارد تمەن، بۆ ''سەندوقی پاشەکەوتی بەسیجەکان'' ٣٠ میلیارد تمەن، بۆ ''نووسینگەی دەرمانکردنی سونەتی لە وەزارەتی تندروستی'' ٥٠ میلیارد تمەن و بۆ ''یارمەتی بە خانوبەرەی هێزی ئینتزامی'' ٣٠٠ میلیارد تمەن بودجەی تەرخان کردووە کە پێشتر لە پەسەندکراوی بودجەی ١٤٠٠دا بوونیان نەبووە.

ئەو بودجانە لە حاڵێکدا تەرخان دەکرێن کە ڕێژیمی ئێران لە ٣ ساڵی ڕابردوودا دوای گەڕانەوەی گەمارۆکان و بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە بەڕێوەبردنی پرۆژە ئاوەدانییەکان بە تایبەت لە ناوچە پەراوێخراوەکاندا لەگەڵ کەمیی بودجە بەرەوڕوو بووە.

هەروەها لە چەندین مانگی ڕابردوو بە بەردەوامبوونی قەیرانی کۆرۆنا دۆخی ژیانی خەڵک بەرەو دۆخێکی زۆر خراپتر ڕۆیشتووە، بەڵام لە بودجەی ١٤٠٠دا گرنیگیی پێ نەدراوە.