کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بازاڕە ڕەشەکاندا "سەمی ساختە" بە وەرزێڕان دەدرێت

12:53 - 4 جۆزەردان 2720

ئەندام کومیسیۆنێکی کشتوکاڵیی مەجلیسی ڕێژیمی ئیران دانی بەوەدا ناوە کە "سەم" بۆ وەرزێڕان لە کاتی خۆیدا دابین نەکراوە و بازاڕەکان پڕن لە سەمی ساختە.

"جەلال مەحموودزادە"، ئەندام کومیسیۆنی کشتوکاڵیی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە بەشی کشتوکاڵی لە وڵاتدا بێسەروبەرەیە و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لەوانە "کوود و سەم" لە کاتی خۆیدا دابین نەکراوە و بۆیە سەمی ساختە لە بازاڕەکاندا بە فراوانی بوونی هەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەرزێڕان هەموو ساڵێک کوود و سەمی پێویست بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان پێ نادرێت و ناچار دەبن لە بازاڕە ڕەشەکاندا بە نرخێکی زیاتر بیکڕن.

ئەو ئەندام کومیسیۆنە هەروەها وتوویەتی کە کێڵگە پەلەوەرییەکانی وڵات تووشی مایەپووچی بوونە کە نوقسانی لە بواری پشتیوانی لە پیشەی ئاژەڵدارانی دروست کردووە و پێشگرتن بە هەناردەکردنی مریشکی زیاتر لە ئاستی بەرهەمهێنان، مریشکدارانی مایەپووچ کردووە، لە حاڵێکدا کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان قەدەغە نییە.

"مەحموودزادە" هەروەها وتوویەتی: "لە وڵاتانی جیهاندا کاتێک دەوڵەت بیهەوێت نرخەکانی نێوخۆ سەقامگیر بکات، لە شێوەگەلی دیکە وەکوو ئابوونە کەڵک وەردەگرێت، بەڵام لە ئێران دەوڵەت تەنیا ڕێگای کونترۆڵکردنی نرخەکان لە نێوخۆدا دەگەڕێنێتەوە بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردن، لە حاڵێکدا کە ئەمە بۆ بەشی بەرهەمهێنان مەترسیدار و وێرانکەرە و هەر بۆیە زۆربەی کێڵگە پەلەوەرییەکان و زنجیرەکانی بەرهەمهێنان داخراوە".

زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ئێران بەهۆی بێکیفایەتی و نەبوونی بەرنامەیەکی ئابووریی ڕێکوپێک، تووشی مایەپووچی و داڕمانی ئابووریی قەرەبوونەکراو بوونە.