کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بازاڕەکانی کوردستاندا "ماسک" بە ئاسانی دەست ناکەوێت

17:22 - 4 رەشەمه 2719

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "کۆرۆنا" لە ئێران و کوردستان ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەکی جیددییەوە و لە شارەکانی کوردستان هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە "ماسک" لە هەندێک شاردا نافرۆشن و دەبێ بڕۆنە شارەکانی دیکەوە.

لە ڕوانسەر هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە دەرمانخانەکان ماسکیان هەیه بەڵام نایفرۆشن؛ هاووڵاتییانی ئەم شارە بۆ كڕینی ماسک چوونەتە شاری جوانڕۆ.

هەروەها بەهۆی نەخۆشییەوە لە زۆربەی قوتابخانه و زانکۆکان پشوو ڕاگەیەندراوە.

لە بەشێک لە زانکۆکانی تاران، قەزوین، سنه، ئەردەبێڵ، گیلان، کرماشان، ئیسفەهان، تەورێز و چەندین زانکۆی شارەکانی دیکەش پشوو ڕاگەیەندراوە.

لە گیلان بەرپرسانی زانکۆ لە سەرجەم زانکۆکانی ئەو شارە پشوویان ڕاگەیاندووە. لە شارەکانی وەک مازەندەران خوێندکاران خۆپیشاندانیان کردووە کە دەبێ زانکۆ پشوو ڕابگەیەنن.

لە زانکۆیەکی گیلان خوێندکارێک تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

ماوەی سێ حەوتوو بووە کە هیچ خوێندکارێک ئیزنیان پێ نەداوە بڕۆنە پۆلەکانی خوێندن و بە خوێندکاران ڕاگەیەندراوە کە دەبێ خەوتنگاکان چۆڵ بکەن.

زانکۆی گیلان لە ئاستی ئێراندا یەکەمین زانکۆیە کە بەگشتی داخراوە و لە باقیی شارەکانی دیکە ئەو بڕیارە نەدراوە.