
لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان دژی ھێرشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات، ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەر خۆپیشاندانێک لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بریتانیا بەڕێوە چوو.
ئەو خۆپیشاندانە لە ناوەندی لەندەنەوە بەرەو ماڵ و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وەڕێ خرابوو.
خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی و فارسی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرەو نووسینگەی سەرۆکوەزیران وەڕێ کەوتبوون.
لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی ناوەندی ھاوکاری بە زمانەکان ئینگلیزی، کوردی و فارسی خوێندرایەوە.
پاشان نوێنەری خۆپیشاندەران داواکاریی ناوەندی ھاوکاریی پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا کرد.