کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات رێز لە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز گیرا

20:11 - 30 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی دوو شاندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی سوسیالیستی کوردستان (باکوور) بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە بە ئامادە بوونی بەڕێزان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، فارووق بابامیری سەرپەرستی شاندی کۆمەڵە، مەسعوود تەک سەرپەرستی شاندی حیزبی سوسیالیست، ئەندامانی رێبەری و بنەماڵە و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات و مێوانانی هێژا بەڕێوەچوو.
سەرەتا سروودێک بەبۆنە نوێ‌ بوونەوەی ساڵی کوردی، لەژێر ناوی ئەم رۆژی ساڵی تازەیە پێشکەش کرا.
دواتر بەڕێز شەرەفی وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی کوردستان، چەند وتەیەکی بە بۆنەوە نوێ‌ بوونەوەی ساڵ و نەورۆز پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی رێورەسمەکەدا پەیامی هاوبەشی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن چەنگیز سیگارچییەوە خوێندرایەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتبوو، مێژووی خۆیناوی و کارەساتباری نەتەوەکەمان، بە تایبەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا شاهیدی ئەو راستییەیە کە چۆن ئەم گەلە هەموو جارێک و پاش تێکشکانی شۆڕشەکانی لەلایەن ناحەزانەوە، وانەکانی نەورۆزی کردووەتە رێنوێنی بووژانەوە و سەرهەڵدانەوەیەکی نوێ و وانەی ئازادی و هەرمانی لە سەنگەرەکانی بەرەنگاریدا خوێندۆتەوە.
دواتر ژمارەیەک گۆرانی فولکلور و سروودێک لەلایەن کۆڕی کورسی مووزیکی حیزبەوە پێشکەش کرا و دوابەدوای ئەو بڕگەیە چەند تابلۆیەکی هەڵپەرکێ‌ لەلایەن گرووپی هەڵپەرکێ‌ی نەکەرۆزـەوە پیشانی ئامادە بوان درا.
لە بەشی دووهەمی رێوڕەسمەکەدا ئاگری نەورۆز لەلایەن بەڕێزان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، فارووق بابامیری سەرپەرستی شاندی کۆمەڵە و مەسعوود تەک سەرپەرستی شاندی پارتی سوسیالیست کرایەوە.