کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات رێوڕەسمی رۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو

16:23 - 10 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە دوو بەشی جیاوازدا بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە رێوڕەسمەکە بە ئامادە بوونی سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، ئەندامانی رێبەری، بنەماڵە و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات و میوانانی هێژا، بە سەردانی گۆڕی شەهیدان دەستی پێ کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا مەسعوود تەک، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور و مامۆستا مستەفا ئیبراهیم کەسایەتیی سیاسیی کورد بەشداریی رێوڕەسمی ٦٦مین ساڵڤەگەری لەسیدارەدانی پێشەواو و هاوڕێیانی کە رۆژی شەهیدانی کوردستانە، بوون.
بەشی یەکەمی رێوڕەسمەکە بە رێژەی نیزامیی لە فێرگەوە هەتا سەر گۆڕی شەهیدان دەستی پێ کرد و دواتر بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ خەدیجە لاهیجانی کچی شەهید مەلا عەبدولڕەحمان لاهیجانی و خۆشکی شەهید مراد لاهیجانی، چەپکە گوڵی رێزلێنانیان لەسەر گۆڕی شەهید سەید سەلام عەزیزی دانا.
پاشان پیشانگایەکی وێنەی شەهیدانی حیزبی دێمۆکرات کە لە فێرگە ئامادە کرابوو لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات و خاتوو روقەیە سەمەدی هاوسەری شەهید خاڵە شێخ محەممەد بڵباسی و دایکی شەهید یوونس بڵباسیــەوە بە رووی بەشدراندا کرایەوە.
لە بەشی دووهەمی رێوڕەسمەکەدا کەله ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی حیزب بەڕێوە چوو، سەرەتا سروودی نەتەوەیەتیی ئەی رەقیب خوێندرایەوە و دواتر بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدان، دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی لەلایەن بەڕێز تاهیر مەحموودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتەوە پێشکەش کرا.
مەحموودی لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژە بە لە سێدارەدانی قازی محەممەد و ناودێر کردنی رۆژی شەهیدان وتی: پێشەوا ئەگەر بە دوای ژیانی تایبەتیی خۆیدا گەڕابا و ئامادە بوایه مل بۆ ویست و داخوازییەکانی رێژیمی پاشایەتیی رابکێشێ، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی لەمردن رزگاری بێ‌، بەڵام ئەو بیری لە ژیانێکی گەورەتر و لەبەرژەوەندی نەتەوەکەی دەکردەوە و هەر بۆیەش رێگای مەرگی لەپێناو سەربەرزیی میللەتەکەی هەڵبژارد.
بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێمۆکرات لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە، پێشەوا قازی فێری کردین کە ئینسانی شۆڕشگێڕ لەهەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیدا بێ‌و هەر ناو و ناوبانگێکی هەبێ‌ئەو کاتە رەسەنایەتیی شۆڕشگێرانەی خۆی دەسەلمێنێ‌کە شێلگیرانە لەپێناوی ئامانجەکانی گەلدا تێبکۆشێ‌و لەو رێگایەدا لە مردنیش سڵ نەکا.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی تاهیر مەحموودی دا هاتبوو، مێژووی خەبات و تێکۆشانی دوور و درێژی حیزبە خەباتگێڕەکەمان پڕە لە هەوراز و نشێو و کەند و لەند، هەموو لاپەڕەکانی ئەو مێژووە پڕ لەسەروەری و سەرفرازییە، بە خوێنی کۆمەڵێک لە باشترین و بە ئەمەگترین رۆڵەکانی حیزب و گەلەکەمان نووسراون. حیزبی ئێمە شانازی بەو رابردووە پڕ لە حەماسە، بەربەرەکانی و خوێنە رەنگینانەوە دەکات کە لەپێناوی وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی خەڵکی کوردستاندا، رژاونە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و دەشت و دۆڵی نیشتمانیان رەنگین کردووە.
پاشان شێعرێک لەژێر ناوی وشکە سەما لەلایەن ناهید حوسێنی شاعیر و نووسەرەوە خوێندرایەوە و هەروەها سروودێکیش لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێمۆکراتەوە پێشکەش کرا.
هەر بەو بۆنەیەوە پەخشانێکیش لەلایەن بەیان مێهفەر لە ژێر ناوی لەبیری پێشەوا رامێنە خوێندرایەوە.
لەدرێژەی رێوڕەسمەکەدا پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن غالب حەبیبی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش بە ئامادە بوان کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی ٤٠ رێکخراوی لاوانی هەر چوار بەشی کوردستان بۆ رێوڕەسمی رۆژی شەهیدانی کوردستان نێردرابوو.