کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بۆکان پێش بە دروستکردنی مۆڵگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران گیرا

12:35 - 7 بانەمەڕ 2720

لە ئاوایی ''حاجی ئاوا''ـی سەر بە چۆمی مەجیدخان لە بۆکان دوای ئەوەیکە مزگەوتی ئەو ئاواییە نۆژن کرایەوە و مزگەوتی کۆنی ئەو گوندە چۆڵ کرا سپای تێرۆریستیی پاسداران دەیهەویست مزگەوتی کۆنی ئەو گوندە بکاتە مۆڵگەی هێزە تێرۆریستییەکانی خۆیان.

خەڵکی ''حاجی ئاوا'' کە بەو پیلانەی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانیان زانیوە بە لۆدێر و ماشینی گەورە مزگەوتە کۆنەکەی ئەو گوندە بە تەواوی دەڕۆخێنن و نەیانهێشتووە کە پیلانەکەی ڕێژیمی ئێران سەر بگرێت.

پێشتریش لە گوندی ''کەسنەزان'' لە سەرشیوی سەقز سپای تێرۆریستیی پاسداران دەیهەویست کە لە پاڵ مزگەوتی ئەو گوندە مۆڵگەی بەسجی دروست بکات کە خەڵکی ئەو گوندە دژکردەوەیان نیشان دا و نەیانهێشت ئەو مۆڵگەیە لەو گوندە دروست بکرێت.

 بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم هەوڵی ترساندن و هەڕەشەکردنی لە خەڵکی داوە تاکوو ملکەچی بڕیاری خۆیانی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و خەڵک ئامادە نەبوونە بچنە ژێر باری زۆر.

سپای تێرۆریستی پاسداران هێزێکی سەرکوتکەری تێرۆریستییە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی خرایه نێو لیستی تێرۆریستییەوە.