کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا بە هەموو هێزەوە ڕادەوستین

12:40 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان پووتین و نێتانیاهوودا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی بە هەموو هێزە لە بەرانبەر ئێراندا ڕادوەستین.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمە، لە دیداری نێوان ولادیمیر پووتین سەرکۆماری ڕووسیه و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نێتانیاهوو جەختی کردەوە، ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر سەقامیگریی ناوچەکەیە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد: ئێمە بە هەموو هێزەوە دژی ئیران ڕادەوستین، هەروەها وڵاتەکەمان ناهێڵێت سپای پاسداران لە سووریە جێگیر بێت.

ناوبراو، لە بارەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی وتی: کە هەتا کاتێک ئیسرائیل بە پێویستی بزانێت پێش بە جێگربوونی نیزامیی ئێران لە سووریەدا دەگرێت.

ڕێژیمی ئێران، ڕووسیه و حیزبوڵڵا هاوپەیمانی سەرەکیی بەشار ئەسەدن، نێتانیاهووش چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە، ڕێگە بە ئێران نادات سووریه وەکوو بنکەیەکی سەربازیی دژی ئیسرائیل بەکار بهێنێت.

نێتانیاهوو، سوورە لەسەر ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا نەمێنێتەوە، پرسی دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە سووریه مشتومڕێیەکی زۆری بەداوەوە هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشەی نیزامی لە ئیسرائیل دەکەن.

بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، کە لە سووریه نابێت ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ تێرۆریستان و ئامریکا بۆ دەرکردنی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە سووریەدا دەبێت هەوڵ بدات.

ڕۆژنامەی "تایمز ئافـ"ـی ئیسرائیل، مانگی جۆزەردان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل و ڕووسیه بە نیسبەت بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون و بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، دەبێت هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بن.

هاوکات "ئەلکساندێر لاورۆنتیڤ"، کە نوێنەری تایبەتی پووتین بۆ کاروباری سووریەیە، جەختی کردبووە، کە ئەو بڕیارە هێزەکانی ڕێژیمی ئیران و حیزبوڵڵاش لە خۆ دەگرێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆییی سووریەدا، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە، لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ، شانبەشانیشی شەڕ دەکات.