کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری ٢٦ی خەرماناندا چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

12:31 - 22 خەرمانان 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٨ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکردنی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "ڕوار"ی سەر بە سەوڵاوا، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ٢٦ی خەرمانان، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و سروودی شۆڕشگێڕییان بڵاو کردەوە.

ئیوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانان، پێشمەرگەکانی شار لە "سەقز" لە بەرەبەری ساڵیادی شەهیدانی "میکۆنووسـ"ـدا تراکت و پوستێری پەیوەندیدار بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە و لەگەڵ شەهیدانی ٢٦ی خەرمانان و ئامانجی حیزبەکەیاندا پەیمانی وەفادارییان دووپات کردەوە.

ئەو گەڕەک و شەقامانەی "سەقز" کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "شارەکی دانشگا، شارەکی زاگرۆس، گەڕەکەکانی شاناز، کەریم ئاوا، حەماڵاوای سەروو و خواروو، ناوبازاڕ، چەمی وەلی خان، ساڵمەندان و قەرەچی ئاوا".

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چالاکییەکی بەرینی تەبلیغی لە ناوچەی "لەیلاخ و دێولان"، تێرۆرکردنی دوکتور شەرەفکەندییان مەحکووم کرد و بەوبۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

"خوار جادە، گەڕەکی قەدیم دێولان، گەڕەکی زاگرۆس، سەخاوەتی یەک هەتا پێنج، گەڕەکی شافێعی، گەناوا، جەهادگەران، مەسکەنی مێهر، سەیرانگای حەوت سۆران، گوندی هەواجۆ، ناسرئاوا، ئارەزن، قازی جۆ، ئاڵیاوا، یەڵووزخاج، کنگرە، جادەی دێولان ـ سونقوڕ" ئەو شوێنانەی شاری دێولان و بان لەیلاخە کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی "بەری بەگزادە" و شارەدێی "نێ" لە مەریوان، یادی شەهیدانی ٢٦ی خەرمانانیان بەرز ڕاگرت و  تراکت و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا پێشمەرگەکانی شار لە "شنۆ" لە گەڕەکی "ئەمیرئاباد" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و تراکت و پوستێریان لە دەوروبەری مزگەوت، قوتابخانەی کچانە و کوڕانە، لەبەر دەرگای ماڵەکان و کۆڵانەکانی ئەو شوێنە بڵاو کردەوە.