کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەندیخانەی بەربەستەکانەوە تا دەروازەی ئازادی

12:35 - 17 رەشەمه 2719

دڵنیا وەیسی

ئەوەی کە دەمانهەوێت باسی بکەین، لەسەر دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندایە.

لەنێو سیستمی دیکتاتۆری و لەژێر عەبای ویلایه‌تی فه‌قیهی مەندیل بەسەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ژن بە بوونەوەرێکی شووكه‌كراوه‌ کە هیچ مافێکی نییە و تەنیا بۆ پێڕاگەیشتنی جنسیەتی پیاوانە، پێناسە کراوە.

ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا خراونەتە بەر چەپۆکی داپڵۆسێنەری پیاوان، بەتایبەتی ئاخونده‌كان کە هیچ شارۆمەندییەکیان وەک مرۆڤێک لە ئێراندا نییە و لە چەمکی "دوو ژن جا دەبنە پیاوێک" بۆ ژنان و وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان کەڵک وەردەگرن.

ئەمە کەتوارێکی تاڵ بەڵام حاشاهەڵنەگرە کە لە چاو و بیر و پێناسەی مەندیل بەسەرەکانی قوم و جه‌ماران، ژنان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە جنسییەکانی پیاوان دروست کراون و دیاردەی دەستدرێژی و سێکسی زۆری لە ئێراندا بە لووتکەی خۆی گەیشتووە.

بە درێژایی مێژوو ژنان لەلایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ لە هەموو چەشنە مافێک چ وەک مافی ئینسانی و تاکێک لە کۆمەڵگا و چ وەک شارۆمەندێک بێبەش بوون و لە مافی هەڵبژاردن و بەشداریی سیاسی لە پارلمانەکان و ناوەندە ئیجراییەکان یان لە پرۆسەی ئابووری و... بێبەش کراون و لە شۆینەکانی دیکە، پرۆسەی کارکردنیان زۆر ئاستەنگ و بەرتەسک بووە.

ژنان بە گوێرەی تواناکانیان لە هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا پشکی شێریان بەردەکەوێت و هەردەم زۆرترین باندۆڕ و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا هەیە، بەڵام وەک هەمیشە لەلایەن بنەماڵەکانیان کە بەپێی دابونەرتگەلی کۆن و کەونار کە پاشماوەی بیر و هزری پیاوسالارین و هەروەها لەلایەن کۆمەڵگا و ڕێژیمەوە کەوتوونەتە بەر پەلامار و چەپۆکی تاقەتپڕووکێن و پێش بە هەڵدانی بیر و تواناکانیان دەگرن و بە دەمبەست و خەفەقانیان، دەیانخەنە سێگۆشەی بێدەنگی و ڕیشەکەیان لە بنەوە دەبڕنەوە بۆ ئەوەی چی دی هەڵنەدا.

ژنان لەنێو کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی کوردستان، ساڵانێکە و مێژوویەکە کە بۆ یەکسانی لە هەموو ڕەهەندەکانیەوە هەوڵ دەدەن و خەباتی بۆ دەکەن. ئاستی هوشیاریی ژنان ئەمڕۆکە زۆر بەرزتر بووەتەوە و بەو پێیەش دەنگ و بانگی مافخوازیشیان بەرزتر لە جاران بووەتەوە.

هەوڵ دەدەن، خەباتی بۆ دەکەن و قوربانیشی بۆ دەدەن.

کەم نین ئەو ژنانەی کە لە پێستی قارمانێکی واقعیدا، زیندان و بەندیخانەیان کردووەتە مەڵبەندی شۆڕش و ناوەندی چالاکیی مەدەنی و سیاسی.

بەڵام وەک هەمیشە بە ئەتککردنی شەخسییەتیان لەنێو بەندیخانە و دەستدرێژیی جینسی و ڕۆحی لەنێو ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا  مەجبووریان کردوون بە خۆ کوشتن. ئەم حاڵەتە ناشیرین و چەپەڵە و دوور لە مرۆڤایەتییانە لەنێو سیستمی کۆنەپەرست و چڵکاوخۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەی بەرجەستە دەبیندرێن و حاشا لە هیچیان ناکرێت. ئەوان لە شۆڕش و هەڵگیرسانی ژنان دەترسن کە چەکی دەستیشیان وشیاری و بەشداری لە پرۆسە جیاجیاکاندایە بۆیە هەردەم دەیانەوێی بە زەعیفە یان بێ توانا لە قەڵەمیان بدەن و ناویان بەرن کە گوایە بێ پشت بەستن بە پیاوان تەواو نین و هیچیان پێ ناکرێت و هەردەم دەبێ وەک یەدەکێک لە پشت پیاوان بن.

بەڵام ژنان سەلماندوویانە کە پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی قەبووڵ ناکەن و ئیدی خۆیان وەک ئەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبینن و ئاڵاهەڵگر و مەشخەڵداری نێو گۆڕەپانی شۆڕشن و ڕێگە نادەن نەریتە چەقبەستووەکان  و بیر و هزری پاشکەوتووانەی ڕەگەزی دووهەم و زەعیفە بوون، بوونیان بەسەردا بسەپێنێت و بە کردەوە ڕەنگین و بەرچاوەکانیان لە هەوڵی بێچمگرتن و نەهادینەکردنی ئارمانجەکانیان لەنێو کۆمەڵگان و دروشمی "لە بەندیخانەی بەربەستەکانەوە تە دەروازەی ئازادی"یان کردووەتە پێوانەی ڕێگاکەیان.

ئاشکرایە و حاشای لێ ناکرێت کە هەتا ژنان نەبنە بەشێکی ئەکتیڤ و کارا لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، هیچکام لە دووشمە ئیدۆلۆژیکەکان ناتوانن پێناسەی پێشکەوتنخوازی و بەرابەریی ئینسانی بۆ کۆمەڵگاکەیان بکەن و سەرکەتوو نابن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.