کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تاران رێوڕەسمی یادی عەباس کەمەندی بەڕێوە دەچێت

22:02 - 6 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: دامەزراوەی هونەریی سیما گوستەری زاگرۆس (سیماگستر زاگرس) رێوڕەسمێکی تایبەت بۆهونەرمەندی کۆچکردووی بەناوبانگی کورد مامۆستا عەباس کەمەندی بەڕێوە دەبات.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دامەزراوەی هونەریی سیما گوستەری زاگرۆس کاتژمێر ١٨:٣٠ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە مزگەوتی ئەبوولفەزلی شەقامی سەتارخان بۆ ماوەی یەک کات ژمێر و نیو رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ هونەرمەندی بەناوبانگی کورد عەباس کەمەندی مامۆستای حەوت هونەری کوردستان بەڕێوە دەبات.

مامۆستا عەباس کەمەندی ماوەی ١٨ ساڵ لەگەڵ ناوەندی فەرهەنگیی ئێران لە تاران هاوکاریی کردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لەبارەی فۆلکلۆر و مۆسیقا و گۆرانیی رەسەن بووە، هەنووکە زیاتر لە بیست دەفتەری دەستنووس لەو هونەرمەندە گەورەیە لەو ناوەندە هونەرییەدا بەجێ ماوە.

هونەرمەند عەباس کەمەندی گۆرانیبێژ، نیگارکێش، نووسەر و دەرهێنەری کورد بەربەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنـە لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەباس کەمەندی لە شاری سنە لە دایک بووە جیا لە گۆرانیبێژی لە بوارەکانی نیگارکێشی، نووسەری، دەرهێنان، مۆسیقا، هەڵبەست و چیرۆک، کار و چالاکیی نواندووە و به مامۆستای حەوت هونەر ناسراوە.