کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تاراندا ڕێژیم پیشانگای بێڕێزیکردنی داناوە

14:18 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە ناوی پیشانگای نێونەتەوەییی کتێب لە تاراندا، پیشانگای بێڕێزیکردنی کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئیسڵامیی ئێران لە ڕۆژانی ڕابروودا، لە شاری تاران، پێتەختی حکوومەتی دیکتاتۆریی خۆیان، پیشانگایەکی بەناو پیشانگای نێونەنەوەتەییی کتێبی بۆ کتێبی ڕووناکبیران، نووسەران، خاوەن بەهرەکان و خامەبەدەستانی ئێران و نەتەوەکانی ئێرانی کردووەتەوە، کە لە ڕاستیدا پیشانگای بێڕێزیکردن بە هەموو نەتەوە، ئایین، کەمینە و بیروڕا جیاوازەکانی ئەو وڵاتە و تەنانەت دەرەوەی ئەو وڵاتەش بووە.

ڕێژیم لەو بەناو پیشانگایەی کتێبە، وەکوو تریبۆنێکی نوێ بۆ ستراتیژی و سیاسەتی نوێیەکانی خۆی و بۆ بەلاڕێبردنی ڕای گشتی و چەواشەکاری کەڵکی وەرگرتووە، نەک بۆ خزمەتکردن و نیشاندانی ئاستی هزر و پێگەیشتووییی کۆمەڵگای ئێران.

ڕێبەرانێک لەو پیشانگایە بێڕێزییان پێ کراوە، دژبە ستەم و دڕندەیی ئەو ڕێژیمە و پێشەنگی نەتەوەکانی خۆیان بوونە و دەنگدانەوەی جیهانیشیان هەبووە.

ڕێژیم لەو بەناو پیشانگایەدا هەروەها بێڕێزی بە کەمینە ئایینییەکانی ئێران، وەکوو: یارسان، زەردەشتی و یەهوودییەکان و هتدی کردووە.

لەم بارەیەوە، بەرپرسانی ئیسرائیلی ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر بێڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئایینی یەهوودیی ئەو وڵاتە و جیهان دەربڕیوە و وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێری خۆی، ڕایگەیاندووە: لە پیشانگای کتێبی تاران دەیان کتێبی بێڕێزییکردن بە یەهوودییەکان و دژەیەهوودی (ضدیهودی) دانراوە.

لەم پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە لە میانەی ٣٢مین خولی پیشانگای کتێبی تاران، کاربەدەستانی دیکتاتۆر و جەنایەتکاری تاران لە بنێرێکدا کە بە وێنەی دوکتور قاسملوو نەخشێندراوە، جارێکی تر ترسی خۆیان لە هەمبەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات و خەباتی حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و دوای ٣٠ ساڵ لە تێرۆرکردنی ڕێبەری کاریزمای نەتەوەی کورد، شەهید د. قاسملوو کە بە دەستی دێوەزمە تێرۆریستەکانی خۆیان تێرۆر کرا، هێشتا لە بیر و هرزی دەترسێن و دەستان بە بێڕێزیکردن بەو ڕێبەرەی کورد کردووە.