کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ترسی پێشمەرگەی کوردستان، بەرپرسانی ڕێژیم ژیانیان لێ تاڵ بووە

11:40 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەی کوردستان کە بەردەوام چەقڵی چاوی دوژمنان بووە، پاش سەرهەڵدانی خەباتی نوێی خۆرهەڵاتی کوردستان، بۆ دوژمن بەسامتر و بۆ کورد خۆشەویستتر بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان، بەکرێگیراوانی ڕێژیم کەوتوونەتە جموجووڵ و بە شەودا لە نێو گوند و شاخەکانی کوردستاندا بە دوای پێشمەرگەدا دەگەڕن.

لەم پێوەندییەدا، هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، ڕایگەیاندووە: "بەسیجییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە دەوروبەر و نێو گوندەکانی ئەوێهەنگ، هوویە و ساڵیان و نجێ لە ناوچەی ژاوەرۆ، بە شەودا بەردەوام بە دوای شوێنی مانەوەی پێشمەرگەدا دەگەڕن."

ئەم هەواڵنێرە باسی لەوە کردووە کە ئەم جموجووڵ و گەڕانە لە لایەن کۆمەڵێک لاوەوە ئەنجام دەدرێت، کە لە باری ماڵییەوە کەسانێکی هەژارن و وادەیان پێ دراوە کە ئەگەر لەم کردەوە دژەگەلییەدا بەشداری بکەن، پارەیان پێ دەدەن و یان لە کاتی هاوسەرگیرییاندا یارمەتیی ماڵییان دەدەن.

ڕێژیمی ئێران کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە، بە زۆر و سەرکوتی خەڵک، دەستی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە گرت و زۆربەی دژبەرانی خۆی لە مەیدان بەدەر کردووە، تەنیا هێزێک کە بەردەوام لە بەرانبەریدا ڕاوەستاوە، هێزی پێشمەرگە بووە و کوردستان چل ساڵە وەکوو چۆن لە سەرەتاوە دەنگی ئەرێنیی بەو ڕێژیمە نەداوە، ئێستەش هەروا بەتین و گوڕتر لە جاران ڕۆڵەکانی بۆ بەرەنگاری لە بەرانبەر سیاسەتە پاوانخوازانەکانی ئەو ڕێژیمە دەنێرێتە مەیدان و خەوی خۆش لە چاوی داگیرکەری کوردستان دەشڵەژێنن.