کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە جیاتی بەرگی سپا لەبەرکردن منداڵەکانتان بهێننەوە

13:30 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی هەیئەتی زانستیی زانکۆی عەلامە وتوویەتی: بەرپرسان دەتوانن لە جیاتی پۆشینی بەرگی سپا منداڵەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگەڕێننەوە.

"سەعید ئیسلامی بیدگوڵی"، ئابووریناس و ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی عەلامە وتوویەتی: باشتر وایە بەرپرسان لە جیاتی پۆشینی بەرگی سپا، منداڵ و بنەماڵەکانیان کە لە دەرەوەی وڵاتدان بگەرێننەوە و سەرۆکی مەجلیس دەتوانێت دەسپێشخەری ئەو کارە بێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: نوێنەرانی مەجلیس دەتوانن لە گەڵاڵەیەکی چوار یان تەنانەت پێنجی بەپەلەدا، دەرفەتی سێ مانگە بە نوێنەرانی مەجلیس، شۆراکان، وەزیرەکان و جێگرەکانیان، پارێزگاران و شارەدارەکان و جێگرانی گەورەشارەکان بدەن، تاکوو بنەماڵەکانیان لە وڵاتانی دیکە بگەڕێننەوە یان واز لە بەرپرسیاریەتی بهێنن.

دوابەدوای بڕیاری "دانڵد ترامپ"، بە نیسبەت بەتێرۆریست ناساندنی سپای تێرۆریستی  پاسدارانی ڕێژیم، لە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوەدا، نوێنەرانی مەجلیس و زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم بەرگی سپایان بە نیشانەی پشتیوانیکردن لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەبەر کرد و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان بەو کارە پیشان دا.

 جیی ئاماژەیە، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی نیشتمانیی کۆشکی سپی وتوویەتی: سپای پاسداران لەمێژەوە وەکوو پشتیوانی لە تێرۆریزم ناسێندرابوو، بەڵام دوای بەفەرمیبوونی، هەر کەسێک لەگەڵ خودی ئەم ڕێکخراوە یان ژێرکۆگەکانی مامەڵە بکات، بە ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.