کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق، ٣ کەس کوژران

12:18 - 8 سەرماوەز 2720

لە هێرشی لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دژبەری حکوومەتی عێراق، ٣ کەس کوژران و ٥٠ کەس لە دوو لایەنە بریندار بوون.

ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز لە کاتێکدا کە خەڵکی عێراق خەریکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق بوون، لەلایەن لایەنگرانی "موقتەدا سەدر"ەوە هێرشیان کرایە سەر و ٣ کەس لەو خۆپیشاندەرانە کوژران.

لە ساڵی ڕابردووەوە هەتاکوو ئێستا خەڵکی عێراق هەموو هەینییەک پاش خوێندنی نوێژی هەینی لە مەیدانی "ئەلحبووبی" لە شاری ناسرییە، ناوەندی پارێزگای "زیقار" لە باشووری عێراق کۆ دەبنەوە و دەست بە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن.

شایەتحاڵێک لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە تەقەی لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" لە خۆپیشاندەران و هاویشتنی بۆمبی گڕدەر بۆ خێوەتەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی هۆکاری دەستپێکی پێکدادانەکە بووە.

بەرپرسانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "ناسرییە" وتوویەتی کە ٣ کەس لە خۆپیشاندەرانی عێراقی بەهۆی پێکران بە گوللـە کوژراون و خۆپیشاندانەکە تا دوانیوەڕۆی هەینی بەردەوام بووە.

"مستەفا ئەلکازمی" کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێردرا، بەڵێنیی دابوو کە هەڵبژاردنەکانی پارلمان بۆ وڵامدانەوە بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و داواکارییەکانی لایەنگرانی دێموکراسی بەڕێوە دەچێت.

ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز هەزاران کەس لە لایەنگرانی "موقتەدا سەدر" کە ڕێبەری گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسی لە مەجلیسی عێراقدایە لە مەیدانی تەحریری بەغدا کۆ بوونەوە و پشتیوانییان لە ناوبراو کرد.

هەتاکوو ئێستاش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بەرانبەر بە حوزووری هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و داوای وەدەرنانیان لە عێراق دەکەن.