![](/content/upload/1/news/49407_w920.jpg)
خۆپیشاندانەکانی نەتەوەی عەرەب و خەڵکی ئەحواز وەکوو سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی پێشوو لەگەڵ سەرکوتی بەرین و دڕندانە بەرەوڕوو بوویەوە و چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و ١٠٢ کەس دەسبەسەر کراون.
خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەحواز بەنیسبەت بێئاوی و نابەڕێوەبەریی بەرپرسان، لە شەوی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕەوە دەستی پێکرد و زیاتر لە ٣٠ شاری ئەو پارێزگایەی گرتەوە.
ئەو خۆپیشاندانانە جگە لە ئەحواز چەندین شار و پارێزگای دیکەی گرتەوە و دروشمگەلێکی پێکهاتەشکێن لە خۆپیشاندانەکاندا دەوترایەوە.
ڕێژیم لە یەکەم کاردانەوەکاندا وەکوو نەریتی هەمیشەیی دەستی کرد بە سەرکوت و خنکاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی خۆپیشاندەر و لە ئەنجامدا بەپێی ئامارەکانی بەردەست ٩ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و شوناسی ١٠٢ کەسی دەسبەسەرکراویش پشتڕاست کراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانەدا، شارەکانی ئەحواز لەگەڵ پچڕان و لاوازیی ئینتێرنێت بەرەوڕوو بووەتەوە و لە هەندێک لە شارەکاندا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم جێگیرن.
لەو خۆپیشاندانانەدا تێکهەڵچوونی قورسی چەکداریش لەنێوان خەڵکی ئەحواز و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هاتە ئاراوە و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی خوازیاری کۆتاییهێنان بە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.