کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دادگای نێونەتەوەیی لەسەر تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە سکاڵا تۆمار کرا

12:05 - 28 رێبەندان 2721

ژمارەک لە چالاکانی داکۆکاری مافی مرۆڤ لە دادگای نێونەتەوەیی سکاڵایان دژی ڕێژیمی ئێران تۆمار کردووە و داوایان لەو دادگایە کردووە لەسەر ئەنجامدانی جینایەتی شەڕ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و سووریە لە ڕەوتی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا لێکۆڵینەوە بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بریتانیایی ''گاردیەن'' ئەو سکاڵایە بەپێی شایەتحاڵانی گرووپێک لە هەڵاتووەکان لە شەڕی سووریە و شایەتحاڵانی عەمەلیاتی نیزامیی ئەرتشی سووریە و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەلایەن ناوەندی بەڵگانامەی مافی مرۆڤی ئێران کە لە ئامریکایه و هەروەها ''هایدی دایکستاڵ'' مافناسی بریتانیایی ئامادە کراوە.

ئەو سکاڵایە بەشێک لەو هەوڵانەیە کە نیزامییەکان و ئەو بەرپرسانەی سووریە کە تووشی جینایەتی شەڕ بوونە ناچاریان بکات لەهەبەر تاوانەکانیان وڵامدەر بن.

لە دەسپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی ''بەشار ئەسەد'' دژی هێزە دژبەرەکان دەستێوەردانی لەو وڵاتەدا کرد، بەڵام ڕ‌ێژیمی ئێران حزووری نیزامیی خۆی لەو وڵاتە ڕەت کردووەتەوە، لە حاڵێکدا ئەو ڕێژیمە دەیان جار کوژرانی فەرماندەکانی خۆی لە سووریە پشتڕاست کردووەتەوە.

لەو سکاڵایەدا هاتووە کە بەڵگەنامەکان پیشانی دادەن کە شایەتحاڵانی مەدەنی بەرەوڕووی بۆمباران و تەقە، قەتڵی نایاسایی، دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە و لێدان و ئەشکەنجە بوونەتەوە.

ئەو شایەتحاڵانە وتوویانە بەهۆی مەترسیی گیانی و دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە و سەرکوتی توندوتیژانە ناچار بوونە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

بە وتەی ئەو شایەتحاڵانە، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان، لەشکری فاتمیون، لەشکری ئەبولفەزلی ئەلعەباس لە تەنیشت هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد لە هێرش بۆ سەر شار و گوندەکان بەشدارییان هەبووە.