کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی "نەتەنز" تەقینەوەیەک ڕوویدا

19:18 - 12 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ لە یەکێک لە بیناکانی وێستگەی ئەتۆمیی "نەتەنز"،  تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا.

"بێهرووز کەماڵوەندی" وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە "ڕووداوێک" لە دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە پارێزگای ئیسفەهان ڕووی داوە.

ئەو" ڕووداوە" لە ناوەندی مۆنتاژی سانتریفیوژەکانی ئێراندا ڕووی داوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری ئەو ڕووداوە زانیارییەکی ورد بڵاو نەکراوەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن، ئەو شوێنەی ڕووداوەکە لێی ڕووی داوە، شوێنێک بووە کە لە دەستی دروستکردندا بووە.

بەپێی قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هیچ کەس نەکوژراوە و جێگای مەترسیش نییە کە مەوادی ئەتۆمی بڵاو ببێتەوە.

"ئیدی کۆهن" یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئیسرائیل لە تویتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز.

میدیاکانی ئیسرائیل ئەو هەواڵەیان ڕووماڵ کردووە و بڵاویان کردووەتەوە کە ئەوە سێیەمین تەقینەوەیە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا.

کارناسێکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوە کردووە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشی کردبا خەسارەتەکەی هەر بەم چەشنە دەبوو.

هەتا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی هیچ هەواڵێکی لەبارەی هێرش بۆ سەر ئەو شوێنە ئەتۆمییەی ڕێژیمی ئێران پشتڕاست نەکردووەتەوە.