کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دایکبوونی لەرۆژدا ٥ منداڵ لە دایکانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە ئێراندا

15:41 - 19 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: شووکردنی منداڵان لە ئێراندا لەگەڵ پشتگوێ خستنی بەرپرسان و پرۆپاگەندای ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیم سەبارەت بە داکشانی تەمەنی شووکردن هەنووکە بووەتە کێشەیەکی گەورە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شووکردنی منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی لە ئێراندا بووەتە کێشەیەکی جیدیی کۆمەڵایەتی و هەنووکە بە بەرزبوونەوەی ئاماری شووکردن و دواتر دووگیانبوونی ئەو منداڵانە نیگەرانیی کارناسانی کۆمەڵایەتی و چالاکانی مافی منداڵانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندیی زانیاری رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی و بە پشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران تەنیا لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک هەزار و ٢٧٧ منداڵ لە دایکانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە دایک بوون.

لە دایک بوونی منداڵان لە کچانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە ئێراندا سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن.

تەنیا لە سەرەتای ٩ مانگی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٣١ هەزار کچی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ شوویان کردووە.

ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی دەرخەرەی ئەوەیە کە یەک هەزار و ٧٢٧ دایکی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە ماوەی ئەو ساڵەدا منداڵیان بووە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان و بە پشت‌بەستن بە ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا هەنووکە زیاتر لە ١١٠ هەزار لە دایکبوونی منداڵان لە کچانی تەمەنی ژێر ١٩ ساڵ رووی داوە کە یەک هەزار و ٦٣٥ حاڵەت لەو لەدایکبوونانە لە کچانی نێوان ١٠ هەتا ١٤ ساڵ بووە.
زۆربەی کارناسان لەو باوەڕەدان کە ژمارەی شووکردنی کچانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لەو ئامارە فەرمییە زیاترە و زۆربە ئەو شووکردنانەش بە شێوەی نافەرمین و لە ئامارەکاندا دەستنیشان ناکرێن.

پارێزگای ئورمیە لە کوردستانی رۆژهەڵات یەکێک لەو پارێزگایانە کە شووکردنی منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی بەرزبووەتەوە و هەنووکە لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی ئێران دایە.

شووکردنی منداڵان لە ئێران لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ بە شووکردنی ئیجباریی ناودێر کراوە ئەوەش لەو حاڵەتانەی پێشێلکاریی مافی ژنان ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە دووهەمین کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤ حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی ژنان بە ٥٠ داواکاری زیاترین باسی لەسەر کرا.

شووکردنی ئیجباریی و زوو شووکردنی ژنان لەو تەوەرانە بوو کە رەخنەی نوێنەرانی وڵاتانی بەشداربووی لەو کۆبوونەوەیەدا لێکەوتەوە.

هەشت وڵاتی ئاڵمان، ئیتالیا، ئیسرائیل، ئەسلۆنی، سیرەلئۆن، لەهستان، کۆرەی باشوور و مۆنتەنگرۆ لەو وڵاتانە بوون کە سەرەڕای رەخنە لە یاساکانی رێژیمی ئێران لە بواری شووکردنی منداڵان لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیاریان بە رێژیمی ئێران کرد کە یاسای پەیوەندیدار بە شووکردنی ئیجباریی و زوو شووکردنی ژنان لە ئێراندا چارەسەر بکات.

بە فەرمی ناسینی مافی شووکردنی ئازاد، بەرزکردنەوەی تەمەنی شووکردنی هەتا ١٨ ساڵ، کۆتایی شووکردنی منداڵان و شووکردنی ئیجباریی، گۆڕینی یاسای شووکردن کچانی ژێر تەمەن ١٣ ساڵ و راگرتنی ئیزنی پێک هێنانی هاوژینی سەرپەرەستان لەگەڵ زڕ منداڵەکانیان لەو بابەتانە بوون کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پێشنیاریان بە رێژیمی ئێراندا.

دوای رەخنە وڵاتانی بەشداربوو لە دۆخی مافی ژنان و بە تایبەت شووکردنی ئیجباریی و شوو زووکردنی کچانمحەممەدجەواد لاریجانی، سەرۆکی ستادی مافی مرۆڤی قووەی قەزائیەی رێژیمی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی کە باسیان لێکرا لەبارەی شووکردنی ئیجباریی و زوو ئیداعای کرد کە لە ئێران شووکردنی ئیجباریی بوونی نیە و کچان لە ئێراندا بە پێچەوانە درەنگ شوو دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی کۆمیتەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHRC) لە بڕیارنامەیەکدا کە تەنیا دژبەرانی پەسندکردنی ئەو بڕیارە رێژیمی ئێران سوودان بوون، رایانگەیاند کە هیچ جۆرە پاساوێکی فەرهەنگی و عۆرفی بۆ شووکردنی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ قەبووڵ ناکرێت.

بڕیارنامەی (UNHRC) هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە قەدەغەکردنی شووکردنی منداڵان و رەچاوگرتنی ئەو یاسایە بۆ پێشگرتن لە شووکردنی منداڵان پابەند دەکات.

بەپێی ئەو راپۆرتە تەنیا سوودان و رێژیمی ئێران دژی ئەو بڕیارە بوون.

هەنووکە زیاتر لە ٧٠٠ میلیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهان لەژێر تەمەن ١٨ ساڵ شوویان کردووە کە لەو رێژەیە لانیکەم ٢٥٠ میلیۆن کەس لە کاتی شووکردندا تەمەنیان لە ژێرەوەی ١٥ ساڵ بووە.