کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ١٨ کەس لە کەربەلا کوژران

11:23 - 8 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە شاری کەربەلا، لە لایەن کەسانی چەکدارەوە کە جلوبەرگی ڕەشیان لەبەردا بووە و ڕووخساری خۆیان داپۆشاندبوو، ١٨ کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" کە لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراقەوە بڵاوی کردووتەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، کەسانێکی چەکدار کە ڕووخساری خۆیان داپۆشاندبوو، ڕوو بە خۆپیشاندەران تەقەیان کردووە و ١٨ کەسیان کوشتووە و سەدان کەسیان بریندار کردووە.

ئەم هێرشە لە مەیدانی ''تەحسیلـ''ـی شاری کەربەلا ڕوویداوە، شوێنێک کە خۆپیشاندەران بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین، لەوێ خێوەتیان هەڵدابوو.

هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس نووسیویەتی: ''خۆپیشاندەران وتوویانە کە بۆیان ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم کەسانە لە هێزە میلیشا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە یان هێزێکی دیکە بووە".

بە وتەی خۆپیشاندەران، سەربازانی عێراقی لە دەوروبەری شوێنی خۆپیشاندانەکاندا جێگر بوونە کە لە کاتی هێرشی کەسانی نەناسراودا کشاونەتەوە.

هەروەها، لە شاری بەغدا، خەڵک بە هاتنە سەرشەقامی هەزاران کەسی، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆیان کە لە لایەن حکوومەتەوە ڕاگەیەندرابوو، تێکشکاند و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خۆیان لە دژی حکوومەت درێژە پێداوەیەوە.

"ڕوپرت کولویل"، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم باریەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە تاکوو لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی، کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران لیکۆڵینەوە بکەن.

خۆپیشاندانەکانەکان لە عێراقدا، مانگێک لەمەو پێش بە دژی گەندەڵی، بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری و گرانی و هەروەها دەستتێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەم وڵاتەدا دەستی پێکرد و تاکوو ئێستا نزیکەی ٢٥٠ کەس کوژراون.