کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوای خۆپێشاندانەکان لە سەقز حکوومەت نیزامی ڕاگەیەندرا

11:36 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە خۆپیشاندانەکانی شاری سەقزدا ئیزنی ئەوە بە هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران درا کە ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکان خەڵکی شاری سەقز لە شەقامەکاندا کۆبوونەوە.

لە تەواوی شەقامەکاندا خەڵک ماشینەکانیان ڕاگرت و بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە فەلەکەی "هەڵۆ" کۆبوونەوە.

خەڵکێکی زۆر لە فەلەکەی "ئازادی" بەرەو فەلەکەی "هەڵۆ" دروشمیان دا و پاشان بەرەو فرمانداریی نێو شار وەرێ کەوتن.

هەروەها خەڵکێکی زۆر لە فەلەکەی "ئازادی" بەرەو فەلەکەی "یادبوود" وەڕێ کەوتن و داوایان لە دووکانداران کرد پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانەوە بن.

 ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک لە مەیدانی "هەڵۆ" گاردی ویژەی جێگیر کرد کە لەگەڵ خەڵک بەرەوڕوو ببنەوە.

جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە هاوکاریی هێزەکانی سپای پاسداران تەقەیان لە خەڵک دەکرد و ئیزنی تەقەکردن بە جاش و هێزەکانی ڕێژیم درابوو.

دوای ئەو خۆپیشاندانە لەنێو شاردا حکوومەت نیزامی ڕاگەیەندرا و دواتریش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی دەسبەسەر کران.