کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، چەندین ئەندامی سپای قودس کوژران

12:34 - 17 بانەمەڕ 2720

لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی دوو ڕۆژ پێشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریە لە دەشتی "ئەلمەیادین" کە شوێنی جێگیربوونی مێلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیشە، ١٤ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان ئەندامانی سپای قودس بوونە.

پاش هێرشی ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە ١٥ی بانەمەڕ، بۆ سەر ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیی مووشەکیی ئێران و سووریە لە شاری "حەلەب"، ١٤ نیزامی کوژراون کە دەوترێت ژمارەیەکیان ئەندامانی تێرۆریستی سپای قودسی لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بوونە.

"نەفتالی بێنت"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە حەوتووەکانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل لە قۆناغی پێشگرتن بە جێگیربوونی هەمیشەیی هێزەکانی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران دەرچووە و ئێستاکە خەریکی چالاکییەکن کە ئامانجی دەرکردنی تەواوەتیی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەیە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەرتشی سووریە لە بەیانییەی فەرمیی خۆیدا ئیدعای کردووە کە زۆربەی ئەو مووشەکانەی هەر لە ئاسماندا لەنێو بردووە، بەڵام چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشەی ئیسرائیل زۆر تێکشکێنەر بووە و زیانگەلێکی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ١٤ کەسیش کوژراون کە وێدەچێت زۆرینەیان سەر بە سپای قودس و هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بن.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو، ئەمە چەندەمین جارە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاکی سووریە و ئامانجی زۆربەی ئەو هێرشانە بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی ئەو وڵاتەدایە.