کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی شاری سەقز، دەستیان بە کۆکردنەوەی ئەو شێعرانەی کردووە کە بە ژندا هەڵگوتراون و لە دوو کتێبدا لە چاپیان داون.
یووسف یووسفزادە و چیمەن باقری دوو هاووڵاتیی شاری سەقزن، کە دەستیان بە کۆکردنەوەی شێعری گەورەشاعێرانی کورد کردووە، کە بە ژنیان هەڵگوتووە.
یەکەمین کتێبی چاپکراو لەژێر ناوی "بۆ دایک" کە ١٦٤ لاپەڕەیە و هۆنراوەی گەورەشاعێرانی وەک: لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، قوباد جەلیزادە، مامۆستا هەژار، ئاسۆ و ک.د.ئازادی لە خۆ گرتووە و پێشەکی ئەو کتێبە لە لایەن لەتیف هەڵمەتەوە نووسراوە.
دووهەمین کتێبی کۆکراوەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، کتێبێکی ٢٢٠ لاپەڕەیی بە ناوی "بۆ ژنـ"ـە کە سێ بەش لە خۆ دەگرێت: بەشی یەکەم هۆنراوەی شاعێران: شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەتە، کە بە باڵای گەورەی ژنانیان هەڵگوتووە، بەشی دووهەمی ئەم کتێبە هۆنراوەی شاعێران: جەلال مەلەکشا، فەرهاد پیرباڵ و کاکی فەلاحە کە بۆ هاوسەرەکانی خۆیان هۆنراوەیان داناوە و بەشی سێهەمی ئەم کتێبەش "ئازیەتباریـ"ـی شاعێرانی پیاوە بۆ هاوسەرەکانیان کە هۆنراوەی شاعێران: عەبدولغەفار وارستگان، نالی و مەولەوی لە خۆ دەگرێت.
ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەکانی کورد لە کوردستان بە ناوی دایکیانەوە دەناسرێن؛ جیا لە وشەی ژن کەڵک لە چەمکی ئافرەتیش وەردەگیردرێت کە بە واتای ئافرێنەر دێت، کە هەمیشە لە پێگەی پیرۆزبوون و پەرەستندا بووە.