کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "دێولان، سەوڵاوا و مەریوان" چالاکیی ژینگەیی بەڕێوە چوو

11:15 - 14 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن گرووپی شاخەوانانی "ئاگر و زاگرۆس" هەروەها ڕێکخراوی "کۆمەڵایەتیی ژیار"، چالاکییەکی ژینگەیی لەژێر ناوی "زاگرۆسانەی لەیلاخ" لەسەر "شاخە چەرموو" لە ناوچەی "دێولان" بەڕێوە چوو.

لەو چالاکییە ژینگەییەدا تۆوی گیایاکانی "کەما، لۆ و خاشە" لە داوێنی کێوی "شاخە چەرموو" چێندران. ئەمە دووەمین ساڵە کە ئەو چالاکییە لەژێر ناوی "زاگرۆسانەی لەیلاخ" بەڕێوە دەچێت.

لەلایەکی دیکەوە لە چالاکییەکی بەریندا خەڵکی سەوڵاوا بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو بڕیارە بۆ ماوەی یەک حەوتوو ٦ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو شارە بە تۆوی بەڕوو بچێنن و لەو نێوانەشدا فەرمانداری ئەو شارە بە دەستێوەردان دەیەوێت ئەو بەرنامەیە و ماندووبوونی ئەو خەڵکە بەناوی خۆیەوە تەواو بکات.

هەروەها فێرگەی فێرکاریی مۆسیقای "فلارمونیکا" لە شاری "مەریوان" خولێکی پەروەردە و ڕاهێنانی ژینگەیی بۆ منداڵانی ئەو شارە پێک هێناوە.

لەو خولەدا منداڵان فێر دەکرێن کە چۆن پارێزگاری لە ژینگە بکەن و ژینگەیان خۆش بوێت.