کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێران جگە لە پارێزگای "گیلان" کێشەی ڕۆچوونی زەوی هەیە

13:35 - 31 بانەمەڕ 2722

هۆکاری سەرەکیی ڕۆچوونی زەوی لە ئێران، هەڵێنجانی لەڕادەبەدەری ئاوەکانی ژێر زەوییە کە بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنی قووڵ لەنێو کەندەڵانەکان و هەروەها داڕزانی خاک و نەمانی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەوی.

"مەهدی زارع" پسپۆڕی بواری زەویناسیی زانکۆی تاران لەو بارەوە وتوویەتی کە لە ئێستادا ڕۆچوونی زەوی لە پارێزگای تاران، وەکوو بۆمبێکی ساعەتی وایە. ساڵانە زیاتر لە ٣٠ سانتیمیتر لە زەوییەکانی باشووری ڕۆژاوای تاران ڕۆ دەچن کە ئەو کێشەیە کاریگەریی خراپی لەسەر ژینگە و باری کشتوکاڵی ناوچەکە داناوە.

بەرپرسانی وەزارەتی "وزە"ی ڕێژیمیش سەرەتای ئەمساڵ لەو بارەوە ڕایانگەیاندبوو کە پاشەکەوتی ئاویی ئێران لە دۆخێکی "خراپـ"ـدایە و وا وێدەچێت هاوینێکی سەخت لەڕێدا بێت.

"محەممەد شەهریاری" بەرپرسی دەفتەری وەبەرهێنان و پارێزوانی لە دامەزراوە ئاوییەکانی ڕێژیم لە تاران وتوویەتی کە بەنداوەکانی تاران زیاتر لە ٢٦٠ ملیۆن میتری سێجا کەمیی ئاویان هەیە، هەر بۆیە پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە لە داهاتوودا هەڵێنجانی ئاوەکانی ژێر زەوی زیاتر ببێت.

کارناسانی شارەزا لەو بوارەوە پێیان وایە کە هەڵێنجانی لەڕادەبەدەری ئاوەکانی ژێر زەوی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەوی، هەر بۆیە مەترسیی ڕۆچوونی زەوی لە سەرتاسەری ئێران قەیرانی گشتگیری لێ دەکەوێتەوە.