کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و ئێران کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە هەیە

12:30 - 19 جۆزەردان 2722

لە زۆربەی گوندەکانی ناوچەی ڕوانسەر، لوڕستان و لە ناوچەی باکووری ئێران و کەرەج هاووڵاتییان لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

لە ئێستادا لە "ڕوانسەر"  ٢٣ گوند لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو بەرەوڕوون.

فەرمانداری ڕێژیم لە ڕوانسەر لەو بارەوە وتوویەتی: "کەمیی لەڕادەبەدەر و وشکبوونی سەرچاوەی ئاوە سروشتییەکان، لە ئێستادا ٢٣ گوندی ئەو ناوچەیەی لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو بەرەوڕوو کردووەتەوە و پێویست دەکات کێشەی ئاویان بۆ چارەسەر بکرێت".

هەروەها خەڵکی زۆربەی گوندەکانی "لوڕستان" کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەو کێشەیە بە لایەنی پەیوەندیدار، تا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی باکووری ئێران و کەرەج خەڵکی ناوچە لەبابەت پچڕانی ئاو بۆ ماوەیەکی درێژ و بەردەوام ناڕەزایەتییان نیشان داوە.

خەڵکی ئەو ناوچانە دەڵێن: "لە ئێستادا ئاوێک کە بۆ خەڵک دەچێت، پیسە و بە هیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە نابێت و تەنانەت بۆ شووشتن و کاری لەو بابەتەش بە کەڵک نایەت".

خەڵک لە بابەت ئەو کێشانە ڕوو بە "خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیم وتوویانە: "ئێمە نامانەوێت کە ئاو و بەرقمان بۆ بەخۆڕایی بکەن و بە قسەی خۆتان عاقیبەتمان بەخێر بکەن. ئەوە چ جۆر دەسەڵاتدارییەکە کە خەڵک هەموو پشتیان لەژێر باری کێشەکاندا شکاوە و لە ئێستادا تەنانەت ئاوی پاک بۆ خواردنەوە بوونی نییە".