کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا، ٢.٥ قاتی دەفرایەتی، زیندانی هەیە

14:02 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، زۆرتر لە دەفرایەتیی خۆی، زیندانیی لێیە.

سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ڕێژیم لەمبارەوە ڕایگەیاند: "دەفرایەتیی ئێستای زیندانەکانی ئێران، نزیکەی ٨٥ هەزار کەسە، بەڵام حەشیمەتی ئێستای نێو زیندانەکان، ٢.٥ قاتی دەفرایەتییە، ئەڵبەت ئەم حەشیمەتە بەر لە لێبووردنەکانی ئەم دواییانە، نزم بووەتەوە."

پێشتر، حەشیمەتی زیندانییان ٣.٥ قاتی دەفرایەتیی زیندانەکان بوو و ئەمە پیشاندەری دۆخی خراپی زیندانەکانی ڕیژیمە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "٢٠٠ تا ٣٠٠ میلیارد تمەن، لە زیندانەکاندا کەمیی بودجە هەیە. بۆ نموونە لە ساڵی پێشدا، ٥ هەزار تمەن، بەشە چێشتی ڕۆژانەی هەر زیندانییەک بووە و ئێمە داوامان کرد ئەم نرخە بۆ ١١ هەزار و ٥٠٠ تمەن زیاد بکرێت، کە لە کۆتاییدا بۆ ٧ هەزار و ٣٠٠ تمەن زیادیان کردووە و بەدڵنیاییەوە بۆ دابینکردنی چێشتی  زیندانییەکان، لەگەڵ کەمی ڕووبەڕوو دەبینەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە بواری مافی مرۆڤدا بە زۆر لاواز پێناسە کردووە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە دۆخی دژواری زیندانییان لە زیندانەکانی ئیراندا کراوە و هاتووە کە زیندانییان بە دەست کێشەگەلێکی وەک: "کەمیی خواردن، هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان، خراپیی دۆخی تەندروستی و هەروەها هێشتنەوەی زیندانییانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە نێو زیندانییانی گەورەساڵاندا" کردووە.