کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ شارەکانی کوردستان میلیتاریزە کراون

10:52 - 25 خەزەڵوەر 2720

لە ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی کوردستان و ئێران لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، ڕێژیمی ئێران ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتی و نیزامیی توندی لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گرتووەتە بەر و هێز و کەرەستەی نیزامی بۆ چەند شاری کوردستان ڕاگواستووە.

سەرەڕای ئەوە چەند ڕۆژێکە هێڵی ئینتێرنێت لە شارەکانی کوردستان لاواز کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە شاری مەهاباد لە چوارێیانی مەیدانی "ئارد" هەتا مەیدانی "چوارچرا" و لە چوارچراوە بۆ شەقامی "قاسملوو" کە بەبیانووی نەخۆشیی کۆرۆنا بستراوە، هێزێکی زۆر لە سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی جێگیر کراون و لە حاڵەتی ئامادە باشی دان.

هەروەها لە کرمانشان هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانی خەڵکی ئەو شارە لە ساڵیادی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ هێزیکی زۆریان لەنێو شاردا بڵاوە پێکردووە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیم هاتنە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دڕندانەترین شێوە خەڵکی ناڕازییان سەرکوت کرا و بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی کوژران و بڕیندار بوون.