کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٩٨دا ئابووریی ئێران دەڕووخێت

12:30 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا له ئامارێکدا باسیان لەوە کردووە کە زیاتر لە یەک میلیۆن کار و پیشە درووست دەکەن و بازرگانیش پەرە پێ دەدەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا باسی لەوە کردووە که زیاتر لە یەک میلیۆن کاری نوێ درووست دەکات؛ بەڵام ئاماری بڵاوکراو لە بنکەکانی ڕێژیم و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی مەجلیس دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی بێکاران لە زیادبوونەوەدایە و خەڵکیش کاری خۆی لە دەست دەدات.

دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە ئەگەری هەیە بۆ ٤٠٠ یا ٥٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا کەم بێتەوە، خۆی دوورەدیمەنی بوودجەی ساڵی داهاتووی تووشی کێشە کردووە.

"محەممەدباقر نەوبەخت" سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە وتوویەتی کەسریی بودجەمان نییە. بەڵام مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرایی باسی لەوە کردووە که نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی بوودجە هەیە.

هاوکات ڕێژیمی ئێران ئیدعایەکی درۆزنانەی کردووە، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی دیاری نەکردووە، بەڵام پێشبینی کردووە کە دەتوانێت یەک میلیۆن دەرفەتی کار درووست بکات و ئەوەش لە دۆخی ئێستادا کە هەڵاوسان، ئابووریی ئێرانی تەنیوە تەنیا دروشمە.

هاوکات پیشەسازیی لە ساڵی ٩٨دا تووشی قەیران دەبێت و کارخانەکان زیاتر تووشی مایەپووچبوون دەبن و هیچ بەرهەمهێنەرێک بە هۆی گرانی ناتوانێت کەرەستەکانی خۆی دابین بکات.

ڕێژیمی ئێران لە بیاڤی  گاز و نەوتدا کێشەی ماڵی هەیە و نەبوونی داهاتی نەوت خۆی کێشە بۆ پڕۆژەکان درووست دەکات و ئەوەش خۆی دەرفەتی کار لە ئێراندا دەخاتە لێژاییەوە.

لە بەشی وەرزێڕیدا ڕێژیم پێشکەوتوو نییە و کێشەی ئاوی هەیە و ئەوەش دەبێتە هۆی کۆچی وەرزێڕان بۆ شارەکان بە هیوای پەیداکردنی کار.

ڕێژیم باسی لەوە کردووە بێکاری لەسەدا ١٢یە بەڵام ئامارەکانی مەجلیس باس لەوە دەکەن کە رێژەی بێکاری٢٤ لەسەدە.

لە بوودجەدا باس لە ماڵیات کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە پیشە بدەینە دەستی کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوەش ئیدعایە چونکە سپا دەستی بەسەر ئابووری ئێراندا گرتووە.

بودجەی ساڵی ٩٨ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە.