کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٢٠٢١دا سەرکوت و توندوتێژیی بەشێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەرەی پێدراوە

11:15 - 24 بەفرانبار 2721

ڕێکخراوی چاودەێری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ی زاینی، باسی لەوە کردووە سەرکوتی توندوتیژانەی دژبەران و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتی و دادوەریی ڕێژیمی ئێران هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو ڕێکخراوە، یاساداڕێژەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووە یاساگەلێکیان ڕەچاو گرتووە کە مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەی ئاشکرا پێشێل دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە بەکارهێنانی توندوتێژی لە ڕادەبەردەر و نایاسایی بەڕامبەر بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو کاردانەوەی توندیان هەبووە و هەزاران کەسیان کەشتووە، ئەوە لەحالێکدایە کە ناڕازییان زیاتر بەهۆی کێشەی بژیوی ژیان و گرانی و هەژاریی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران لە بەداوداچوونی قەزایی و زیندان وەکوو کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ کپکردنی دەنگە جیاوازەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کەڵک وەر دەگرێت.

ئەو ڕێکخراوە لە ٣٢ـەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە لەژێر ناوی ''ڕاپۆرتی جیهانی ٢٠٢٢'' بڵاو بووەتەوە، نزیکەی ١٠٠ وڵاتی لە بواری دۆخی مافی مرۆییەوە خستووەتە بەر تاوتوێ.

لە بەشی پێوەندیدار بە ئێران، هەروەها ئاماژەی بە دۆخی قەیراناویی ئابووری لە کاتی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا و بەڕێوەبەری ناکارامە لە بورای هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی واکسەن، پێشگیری و بەرەنگاریی لەگەڵ ئەو نەخۆشییە کردووە و باسی لەوەش کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە ناراکامەیی و بە مەبەستی سیاسیش لەگەڵ ئەو پەتایە جوڵاوەتەوە.