کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی خۆکوژییەوە گیانیان لەدەست داوە

12:40 - 18 خەرمانان 2721

''حوسێن ئەسەد بەیگی'' بەرپرسی گرووپی چاودێری و هاوئاهەنگیی نوسینگەی کاروباری زیان بەرکەوتووانی کۆمەڵایەتی باسی لە بەرزبوونەوەی خۆکوژی کردووە و وتوویەتی: "ساڵی ڕابردوو ٥ هەزار و ٥٤٢ کەس بە هۆی خۆکوژی لە ئێران گیانیان لەدەست داوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی بێهزیستی باسی لەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکیی یاسایی لە ساڵی ٩٩ لە ئیراندا ٥ هەزار و ٥٤٢ کەس بەهۆی خۆکوژی گیانیان لەدەست داوە کە بەنیسبەت ساڵی ٩٨ـەوە ٣٩٩ کەس بە ڕێژەیە زیاد بووە.

ناوبراو بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکانی لە چەند ساڵی ڕابردوو پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی لە ساڵی ٩٦ ژمارەی گیانلەدەستداوان بەهۆی خۆکوژی ٤ هەزار و ٦٢٤ کەس بووە کە ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٩٧ گەیشتبووو بە ٥ هەزار و ١٠١ کەس.

دۆخی داڕماوی ئابووری، نەبوونی هیچ چەشنە هیوایەک بۆ داهاتوو، دەستپێڕانەگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بێکاری، هەژاری، زەقبوونەوەی هەڵاواردن لە هەموو بەستێنەکاندا و هەزاران گرفتی دیار و شاراوەی لە ئەژمارنەهاتوو هۆکاری سەرکی خۆکوژی لە ئێرانە کە ڕیژیم بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە.