کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٧٥ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا، یاد و ناویان بەرز ڕاگیرا

17:25 - 10 خاکەلێوه 2722

ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان کە هاوکات یادی ٧٥ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی بوو لە دوو بڕگەدا لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کوردستان، بەڕێوە چوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب بە بەشداریی بەڕێز "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزب و بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە، میوانان و بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە لە بڕگەی یەکەمدا به ڕێژەی نیزامیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرەو گڵکۆی شەهیدان دەستی پێ کرد و لەسەر گڵکۆی شەهیدان دوو سروود لەژێر ناوەکانی "ئەی شەهیدان" و "مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم" لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوە "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ "خەدیجە لاهیجانی" هاوژینی شەهید "لوقمان مێهفەر"، کچی شەهید "مەلا عەبدولڕەحمان لاهیجانی" و خوشکی شەهید "موراد لاهیجانی"، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفادارییان لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانا.

لە بڕگەی دووەمدا و پاش خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان پەیامی تایبەتی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بۆ ٧٥ ساڵەی لەسێدارەدران و شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی لەلایەن فاتمە عوسمانی ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا هاتبوو: " ئەو کاتەی کە ڕۆڵەکانی کورد لە ڕێگای ڕزگاری نەتەوەیی و نیشتماندا گیان فیدا دەکەن، واتا کاتێک مەرگ لە پێناو ژیاندا خۆ دەنوێنێت، کەمترین ڕێزگرتن لەو فیداکاری و خۆبەختکردنە دیاریکردنی ڕۆژێکە بە ناوی شەهیدان، لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ڕێزگرتنە لە شەهیدان و هیچ شوێنێکی ئەو نیشتمانە نییە کە مەزارگەیەکی شەهیدانی لە ئامێز نەگرتبێت، بەڵام بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی تایبەتیدا هەموومان بەسەریەکەوە ڕێز لە شەهیدانی کوردستان بگرین، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای کورد و سەرۆکی تاقانە کۆماری کوردستان، وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەستنیشان کراوە".

هەروەها لە بەشێکی تری پەیامەکەدا هاتبوو: " ئەمڕۆش دەبینین کە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ناوەندی و زاڵ بەسەر کوردستاندا، سەبارەت بە مافە ڕەواکان و خواستەکانی نەتەوەی کورد، هەمان ڕوانگە و بیرکردنەوەیە کە پێشەوای کوردستانی  پێ لە سێدارە درا. لە بەناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە هەمان شێوەی ٧٥ ساڵ لەمەوپێش بڕیار لەسەر ڕۆڵە ئازادیخواز و مافویستەکانی کورد دەدرێت و دەنگی حەقویستیان بە زیندان و سێدارە وەڵام دەدرێتەوە و پشتیوانیی بەناو یاسایشی بۆ دادەتاشن، زەبروزەنگ و سەرکوت لە دژی نەتەوەکەمان بەردەوام بەڕێوە دەبن و تەنانەت لە کەمترین مافەکانی شارۆمەندی بێبەشیان دەکەن".

لە کۆتایی پەیامەکەشدا ئاماژە بەوە کرابوو: "لە ڕۆژی شەهیدانی ئەمساڵ، ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێکانیدا بەجێیە هەم بەرگرییەکانی پێشەوا لە ماف و ئازادییەکانی کورد لە بێدادگاکانی ڕێژیمی پاشایەتی بە شێوەیەکی شایان بەرز بنرخێنین و هەم ئەوجارەش ڕاسپاردە و وەسییەتەکانی پێشەوا بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئامۆژگارییانەی کە بۆ تەبایی و یەکگرتویی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، ڕوو لە خۆ و پشت لە دوژمن، لە ئێمەی دەوێت".

لە بڕگەی دواتر سروودێک لەژێر ناوی "شەهید" لەلایەن کۆڕی موزیکی هێزی پێشمەرگە و منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

دوابە دوای ئەوەش پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن "شەماڵ تەرغیبیـ"ـیەوە پێشکەش کرا؛ لە پەیامەکەدا ئاماژە بە جێگە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پێشەوا و کار و کردەوەکانی لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری کوردستان کرابوو و تێیدا هاتبوو: " پێشەوا قازی محەممەد لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ڕۆشنبیری کورد پەروەردە بوو و بنەماڵەکەیان جێگەی ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو. زانایی و پێگەیشتوویی قازی محەممەد بووە هۆی ئەوەی کە ببێتە جێگەی ڕێزی خەڵک و جێی باوەڕی کۆمەڵەی ژێکاف و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە داوای لێ بکرێت ببێتە ئەندامی ژێکاف. قازی محەممەدی نەمر لە ماوەیەکی کورتدا لە مەیدانی سیاسەتیشدا خۆی نیشان دا، کۆمەڵەی ژێکافی لە ڕێکخراوێکی داخراودا کردە حیزبێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری خۆی تێدا ببیننەوە. پێشەوا حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و ئەو حیزبە  لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران ئەندامی لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆ کردەوە".

لە بەشێکی تری ئەم پەیامەدا ئاماژە بەوە کرابوو: "دوای ٧٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا، وەک دەبینین بیر و ئەندێشەی پێشەوا هەر لە برەو و بەرەپێشچووندایە، ڕۆڵەکانی گەلی کورد لەنێو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستاندا لەگەڵ دوژمن مەیدانداری دەکەن و بست بە بستی خاکی کوردستان یادگار و مەزارگەی ڕۆڵەیەکی کوردە کە لە پێناو مافەکانی گەلەکەیدا تێکۆشاوە یان گیانی خۆی بەختی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەی کردووە. ژنان و پیاوان، کوڕ و کچ شانبەشانی یەکتر چ لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا و چ لە نێوخۆی وڵاتدا لەژێر زەبر و زەنگی داگیرکەردا خەریکی خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانن".

بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی شێعرێک بەناوی "شەهید" کە لەلایەن بەڕێز "عەبدولڕەحمان یوسفیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خوشکە "ژیان محەممەدی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

لە کۆتاییدا سروودێکی دیکە لەلایەن بەڕێز "غوڵام فاتحی" لەژێر ناوی "تۆ بەهێزی" و بە هاوکاریی کۆڕی موزیکی هێزی پێشمەرگە پێشکەش کرا.