ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار بە بەشداریی ٣٠٠ کەس لە خەڵکی پارێزگای سنە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهید "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی چالاکییەک بەڕێوە چوو.
لەو چالاکییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و گرووپی شاخەوانی و ژینگەیی سنە بە سەر کێوی "ئاویەر"دا سەرکەوتن.
لەو چالاکییەدا ژنان و پیاوان لە تەمەنی جیاوازدا بەشدار ببوون و بە دروشمی "شەهیدانی ژینگە، ئێوە سووتان هەتا نیشتمان نەسووتێت" ڕێزیان لە شەهید "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی گرت.
شەریف باجوەر لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا بوو. ناوبراو ڕۆڵێکی گرینگی لە پاراستنی ژینگەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەفەرھەنگکردنی ژینگەپارێزیدا ھەبوو و بەداخەوە لە ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧دا لە پیلانێکدا شەهید کرا.
شەهیدان "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پێژوهی"، سێ ساڵ پێش لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی گوندی "پێڵە"ی مەریوان، لە ڕووداوێکی گوماناویدا تووشی سووتان بوون و گیانیان لەدەست دا.