کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سییەمین ساڵی تێرورکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانیدا

19:04 - 17 پووشپەڕ 2719

میرۆ عەلیار

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی (١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زایینی) دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک عەبدوڵا قادری‌ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لەلایەن تیمێکی تێروری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سەر مێزی وتووێژ لە وییەن شەهید کران.

سی ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکەی ڕێژیمی ئێران دژ بە کورد تێدەپەڕێ. دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی چۆتە نێو مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردەوە و لە بیروباوەڕی نەتەوەکەیدا زیندووە.

ئاستی سەرکەوتوویی و لێهاتوویی و شوێندانەربوونی هەر ڕێبەرێکی سیاسی بە دوو پێوەر هەڵدەسەنگێندرێ: یەکەم، بە کاریگەریی و بەرهەم و دەسکەوتە سیاسییەکانی لە کاتی ژیانیدا و دووهەم، بەو میراتە سیاسی و هزریانەی کە ڕێبەرەکە لە دوای خۆی بەجێیان دەهێڵێ.

با هەر ئەو دوو پێوەرەش بکەین بە بنەما بۆ خستنەڕووی بەشێک لە دەسکەوت و خزمەت و میراتە سیاسییەکانی عەبدولڕەحمان قاسملوو.

بەرهەم و دەسکەوتە سیاسییەکانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو

یەکەم: دابینکردنی یەکێتی فیکری و سیاسی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا: ئەو کاتەی ڕێبەریی حیزب کەوتە دەستی دوکتور قاسملوو، ئاڵۆزییەکی فیکری بەرچاو بەسەر ڕێبەرایەتی حیزبدا زاڵ ببوو و هەرکەسەی بۆ لایەکی ڕادەکێشا! بەڵام کەندوکۆسپەکان هەنگاویان بە دوکتور قاسملوو شل نەکرد و توانی بە هاوکاریی هاوبیرەکانی و بەبێ حەزفی جیابیرەکان، ڕێبەرایەتی حیزب لە دەوری بەرنامە و پێڕەوێکی سەردەمیانەدا کۆبکاتەوە و بەشێوەیەک ژیرانە جیاوازیی بیروبۆچوونەکان بۆ یەک ئامانج مودیرییەت بکا.

ئەو بڕوای بەو ئەسڵە سەلماوە هەبوو کە جیاوازیی بەگشتی و جیاوازیی بیروباوەڕ بەتایبەتی، بە نکۆڵی لێکردن و زۆر و هەڕەشە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بکرێ، بەڵام سەرکوت نابێ و لەنێوناچێ و دوای ماوەیەک، لەشوێنێکی دیکە و بەشێوەیەکی دیکە و ئەوجارە ڕادیکاڵتر و بەشێوەی ڕووخێنەر سەرهەڵدەداتەوە.

لەپێناو دابینکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و بۆ ئەوەی بتوانی جیاوازییەکان بکەی بە دەرفەت و مودیرییەتی بکەی، دەبێ جیاوازیی وەک ئەسڵێکی ئاسایی و دێموکراتیک بسەلمێندرێ و ڕێزی لێبگیرێ. بیروبۆچوونە جیاوازەکان ئەگەر سەرکوت کران، کێشە و دووبەرەکی و لاوازبوونی بزووتنەوەی لێدەکەوێتەوە.

دووهەم: دابینکردنی سەربەخۆیی سیاسی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. دوکتور قاسملوو توانی حیزبەکەی لە هەر چەشنە بەستراوەییەک بەملا و بەولا ڕزگار بکا و لەباری سیاسی و تەشکیلاتی و تێئۆریکەوە هوییەتێکی سەربەخۆ بدا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سەربەخۆیی سیاسی بەو مانایە کە پێوەر و پێوانە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی حیزب، بەر لە هەموو شتێک دەبێ بەرژەوەندیی خەڵک و جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بێ و تەنیا ڕێبەرایەتی حیزب ئەو سیاسەتە دیاری دەکا.

سێهەم: قاسملووی ڕێبەر چەمکی خودموختاری و خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێرانی کرد بە پێناسەی بێ ئەملا و ئەولای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لە هەر شوێنێک باسی خودموختاری و خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کرابایە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی دەکەوتەوە بیری بیسەر.

چوارەم: بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شا، کاتێک دوکتور قاسملوو گەڕایەوە بۆ کوردستان، بەڕاستی بێجگە لەو کەسانەی کە ڕابردووی سیاسی و خەباتیان هەبوو، کەم کەس قاسملوویان دەناسی و حیزبی دێموکرات لە ژێر بارانی تانە و تۆمەت و هێرشی تەبلیغاتیی زۆر لایەنەدا بوو.

بەڵام قاسملووی لێهاتوو لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێکدا حیزبی دێموکراتی گەیاندە لووتکە و کردی بە حیزبی بەنفووز و یەکەمی کوردستانی ئێران و یەکێک لە حیزبە شوێندانەر و سەرەکییەکانی کورد بەگشتی.

پێنجەم: بووژانەوە و گەشەپێدان بە بیر و هەستی نەتەوەیی. لە دوای شۆڕشی ٥٧ بیروباوەڕ و ئیدئۆلۆژی چەپ بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا زاڵ بوو و پرسی نەتەوەیی لە بەرنامەی حیزبە چەپەکاندا نەک هەر لە ئەولەوییەتدا نەبوو، بەڵکوو بە بیرێکی دواکەوتووانەش دادەنرا!

لەو کەشوهەوایەدا قاسملوو ئاڵای خەباتی نەتەوەیی بەرز کردەوە و بە دەستی بەتوانای ئەو و بە هەوڵ و تێکۆشانی حیزبەکەی ئەو، خەباتی نەتەوەیی بە مەودایەکی زۆرەوە، بوو بە خەباتی ئەسڵی و سەرەکیی خەڵکی کوردستان.

شەشەم: دێموکراسی و مودێڕنیزەکردنی ژیان و خەباتی حیزب. دوکتور قاسملوو بە تەواوی، هەستی بە زەروورەتی بوونی دێموکراسی بۆ گەشەسەندنی حیزب و جووڵانەوەی نەتەوەیی کردبوو و لێبڕاوانە هەوڵی بۆ پەرەدان بە دێموکراسی دەدا. لە هەموو کۆبوونەوە و دەرفەتێکدا لەسەر پاراستنی ئوسوول و موناسباتی دێموکراتیک لە حیزبدا پێداگریی دەکرد و لە تێکۆشان بۆ جێگیرکردنی کولتوورێکی سیاسیی دێموکراتیک ماندوو نەدەبوو.

باوەڕی وابوو کە خەباتی ڕزگاریخواز بۆ ئەوەی تووشی دووبەرەکی نەبێت و بتوانێ کەڵک لە پوتانسیەلەکانی خۆی وەربگرێ و ئازادی و دێموکراسی بۆ کۆمەڵگا دابین بکا، دەبێ لە خۆیدا ماهییەتەن دێموکراتیک بێ و بڕوای بە پڕینسیپەکانی دێموکڕاسی هەبێت.

هەروەها، پرسی ژن وەک پرسێکی یەکلاکەرەوە بۆ گەشەسەندن و بەرەوەپێشچوونی جووڵانەوەی نەتەوەیی، بە بێ دەروەستبوون بە ئوسوول و بنەماکانی دێموکراسی لە بنەماڵە و حیزب و کۆمەڵگادا، چارەسەر ناکرێ.

حەوتەم: نێونەتەوەییکردنی پرسی کورد. بەبێ هیچ چەشنە گومانێک دوکتور قاسملوو لە ناساندنی پرسی کورد و جووڵانەوەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی ڕەوای نەتەوەیی دێموکراتیک بە دنیا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا. پێی وابوو کە پرسی کورد دەبێ لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران دەربچێ و ڕێژیم بە ئاسانیی نەتوانێ بەدوور لە چاوی بیروڕای گشتی جیهانی کورد قەڵاچۆ بکا و مافەکانی پێشێل بکا.

زانایی و بەئەزموونبوون و کەسایەتی کاریزماتیکی ئەو لە لایەک و شارەزایی بەسەر چەند زمانی گرینگی دنیادا و لێهاتوویی ئەو لە گەیاندنی پەیام بە بەردەنگی خۆی لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتێکی بەتوانای لە دوکتور قاسملوو دروست کردبوو و یارمەتی دابوو بە سەرکەوتنی ئەو لە ئەرکی نێونەتەوەییکردنی پرسی کورددا.

وەک کەسایەتیش، قاسملوو لە نێو کۆمەڵگای سیاسی و ڕووناکبیرانی ئورووپادا جێگایەکی شیاوی بۆخۆی مسۆگەر کردبوو. دۆستانی قاسملوو ئێستاش لایەنگرانی بەئەمەگی کورد و پرسی کوردن.

هەشتەم: ڕاشکاوی و ئازایەتی لە دەربڕینی بیروباوەڕ و قەناعەتدا. دوو نموونە: خوێندنەوەیەکی نوێ لە سوسیالیزم و هێنانی سوسیالیزمی دێموکراتیک بۆ نێو حیزب لە کاتێکدا کە تێڕوانین و تێگەیشتنی چەپی سوننەتی لە کوردستان و لە خودی حیزبی دێموکراتیشدا لەوپەڕی خۆیدا بوو! هەروەها، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ دوکتور قاسملوو نەچووە ژێر کاریگەریی و هەڵڵاوهوریا و تەبلیغاتی حیزبی تودە و هاوبیرانی. ئەو بوو دەنگی هەڵبڕی و گوتی ڕێژیمێک کە گەلانی ژێرستەمی ئێران بە تاوانی ئازادیخوازی سەرکوت دەکا و مافەکانیان پێشێل دەکا و بڕوای بە ئازادی و دێموکراسی نییە، ناتوانێ ڕێژیمێکی عادڵ و دژی ئیمپریالیست بێ.

حیزبەکەی قاسملوو زۆر زوو دەنگی پێی دیکتاتوریی نوێی بیست، بە دژی وەستایەوە و لە ڕێفڕاندۆمی ۱۲ی خاکەلێوەی ۱۳۵۸دا بەمەبەستی دیاریکردنی نەوعی نیزامی داهاتوو، بەشداریی نەکرد. 

میراتە سیاسی و هزرییەکانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو

  • قاسملووی خەباتگێڕ لەگەڵ ئەوەی بڕوای قووڵی بە چارەسەریی پرسی کورد لە ڕێگای سیاسی و وتووێژەوە هەبوو و لەو ڕێگایەشدا سەری بەرزی دانا، بەڵام فێری کردین کە خۆبەدەستەوەدان و ئاشبەتاڵ و خافڵبوون لە خەبات بۆ ئازادی، بۆ خۆمان و حیزبەکەمان بکەین بە هێڵی سوور و "تابۆ".

بە بڕوای قاسملوو، پرسی کورد ڕێگاچارەی نیزامی نییە، بەڵام نە بەو مانایەی کە ڕێژیمی حاکم حاشا لە بوونی کورد بکا، بە ئاور و ئاسن هێرش بکاتە سەر کوردستان و لەنێوبردن و قەڵاچۆی ژن و منداڵ و پیر و گەنجی کورد بۆخۆی بەڕەوا بزانێ، بەڵام کورد داماو و دەستەوئەژنۆ دانیشێ، وەدەست نەیە و بەرەنگاری دوژمن نەبێتەوە و چاوەڕوانی ڕەحمی دیکتاتور بێ داخوا کەنگێ ڕێگاچارەی سیاسیی پرسی کوردی بەبیر دادێ!

بەپێچەوانە، مەبەستی دوکتور قاسملوو لەو قسەیە ئەوە بوو کە ڕێژیم بە چەک و بە ڕێگای نیزامییەوە جووڵانەوەی کوردی پێ لەنێو ناچێ و کورد دەبێ بە خەباتی بێوچانی خۆی بەشێوەی جۆراوجۆر، یەک لەوان خەباتی چەکداریی، حکوومەت ناچار بکا کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕێگای وتووێژ و سیاسی بگرێتە بەر.

  • قاسملووی دێموکرات دەیگوت، لەپێناو پاراستنی کەرامەتی یەکتر و دابینکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی لایەنەکانی نێو جووڵانەوە و گەشە و پەرەپێدان بە حیزبایەتی و خەباتی ڕزگاریخوازدا، دەبێ لە هەموو حاڵەتێکدا دەروەست و پابەند بین بە پێوەر و پڕینسیپەکانی دێموکڕاسی.

پێی دادەگرت کە خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەباتی نەتەوەیی. ئەو بەدروستی دەیزانی پرسی دێموکراسی و پرسی خەبات بۆ ئازادیی و مافی نەتەوەیی بە هیچ شێوەیەک لەیەک جیا ناکرێنەوە. 

  • قاسملووی خاوەن ستراتێژی دەیگوت، دەبێ هەوڵ بدەین کە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد ببێت بە فاکتەرێکی سیاسیی سەربەخۆ لە ناوچەدا و بۆ ئەو مەبەستە، پێویستمان بە یەکێتی و هاوهەڵوێستیی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی هەیە. 

 

  • ڕێبەری نیشتمانپەروەر فێری کردین، دەبێ بڕوابەخۆ بین و لە خەباتدا پشت بە خەڵک و هێزی خۆمان ببەستین، بڕوامان بە داهاتوو و بە سەرکەوتن هەبێ. دەیگوت، ڕەمزی سەربەرزی و سەرکەوتن لە خۆڕاگریی و بەردەوامبوون لە خەبات لە پێناو ئازادییدایە : "گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ ئامادە بێ نرخەکەشی بدا". 

 

  • واقیعبینی: واقیعبینی سیاسی بەرهەمی باشناسینی دۆخی سیاسی و مێژوویی ئەو جوغرافیایە کە خەباتی تێدا دەکەی، خوێندنەوەی فاکتەرە شوێندانەرەکانە، هێزی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی دروست لە بارودۆخی بەردەستە و سەرەنجام، داڕشتنی سیاسەت و ئامانج و ستراتێژیی خەبات لە سەر بنەمای ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکرا و ڕەچاوکردنی سیاسەتی هەنگاوبەهەنگاو بۆ گەیشتن بە ئامانجە. لە ژیان و خەباتی سیاسیی دوکتور قاسملوودا ئەو تایبەتمەندییانە بەڕوونی دەبینرێن.

ئەو سیاسەتە واقیعبینانەیە، سەقامگیریی سیاسی لە حیزبی دێموکراتدا مسۆگەر کرد.

لەو پێوەندییەدا، ئەگەر بە دوور لە دەمارگرژیی ئاوڕێک لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بدەینەوە، ئاڵوگۆڕەکانی ئەوڕۆ گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕ و سیاسەتەکانی قاسملوویان پێوە دیار نییە؟! 

  • قاسملووی زانا و بیرمەند پێی دەگوتین کە لە ژیانی خوسووسی و حیزبی و خەباتماندا، فێربوون و خۆپێگەیاندن و خۆپۆشتەکردن بە چەکی زانست، بکەین بە ئەرکی ڕۆژانە. 

 

  • قاسملووی بە بیروباوەڕ، ڕێبەربوون و ڕێبەریکردنی بە کەیفییەتێکی جیاوازەوە پێناساندین. ڕێبەری خەباتگێڕ و بەئەخلاق بەپێی وەسیەتنامەکەی "لە ماڵی دنیا تەنیا کتێبخانەیەکی لە پاش بەجێ دەمێنێ و ئەویش، لە ڕێگای جێنشینەکەیەوە دەگەڕێتەوە سەر دارایی حیزب"!

هەموو ئەو توانا و تایبەتمەندییە بەرزانە، قاسملوویان کردبوو بە کەسایەتی و ڕێبەرێکی کاریزماتیک و خاوەن نفووز و ئۆتۆریتەی مەعنەوی. قاسملوو ئەگەرچی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بەڵام وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی چاو لێدەکرا و خەڵک لەدەرەوەی حیزبەکەشی، دوکتور قاسملوویان وەک ڕێبەری هزری و سیاسی خۆیان قەبووڵ کردبوو و ڕێزیان لێدەگرت.

قاسملوو وەک ڕێبەرێکی مێژووسازی دێموکرات و نیشتمانپەروەر، هەتاهەتایە لەبیر ناکرێ.

برینی قاسملوو پاش ٣٠ ساڵ ئێستاش هەر تازەیە و خوێنی لێ دەچۆڕێ. ئەو برینە ئەوکاتە ساڕێژ دەبێتەوە کە کورد بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی کە ئامانجی قاسملوو بوون، بگا؛ کەوایە، با بە هەموومان بە خەباتی بەردەوام و لێبڕاوانە بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی ڕێبەرە تاقانەکەمان تێبکۆشین.

بەرز و پیرۆز بێ یادی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملووی مەزن و هاوڕێکانی کاک عەبدوڵا قادری ئازەر و کاک دوکتور فازل ڕەسووڵ.